ده‌ستپێكردنى شه‌ڕى ته‌له‌عفه‌ر له‌ ئان و ساتدايه‌

به‌ ته‌واوى گه‌مارۆى قه‌زاى ته‌له‌عفه‌ريان داوه‌

K24 – هه‌ولێر:

وته‌بێژى فه‌رمانده‌ى پرۆسه‌ هاوبه‌شه‌كانى سوپاى عێراق عه‌ميد يه‌حيا ره‌سوڵ رايگه‌ياند، هێزه‌كانى سوپا و ميليشياكانى حه‌شدى شه‌عبى به‌ ته‌واوى گه‌مارۆى قه‌زاى ته‌له‌عفه‌ريان داوه‌.

ماوه‌ى چه‌ند رۆژێكه‌ فڕۆكه‌كانى عێراق و هاوپه‌يمانێتى دژى داعش به‌ شێوه‌يه‌كى چڕوپڕ بۆمبابارانى چه‌كدارانى داعش له‌ قه‌زاى ته‌له‌عفه‌ر ده‌كه‌ن.

ئه‌و به‌رپرسه‌ى سوپاى عێراق گوتيشى: هه‌موو رێگه‌يه‌ك بۆ چوونه‌ ناو شارۆچكه‌كه‌ كۆنترۆڵكراوون و كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرێت ناحيه‌كانى محه‌له‌بيه‌ و عه‌ياضيه‌ رزگار بكرێن و به‌ رزگاركردنى ته‌له‌عفه‌ر كۆتايى به‌ ده‌سه‌ڵاتى داعش له‌ سنوورى پارێزگاى نه‌ينه‌وا دێت.

چاوه‌ڕێ ده‌كرێت شه‌ڕى ته‌له‌عفه‌ر له‌ رووبه‌رى 60 كيلۆمه‌تر درێژى و 40 كيلۆمه‌تر پانى له‌ نێوان هێزه‌ ئه‌منييه‌كانى عێراق و چه‌كدارانى داعش به‌ڕێوه‌بچێت.

پێشبينى ده‌كرێت نزيكه‌ى هه‌زار چه‌كدارى داعش له‌ شاره‌كه‌ مابنه‌وه‌.