دەربارەی فەرهەنگی ئۆتۆمبێل لێخوڕین

Kurd24

K24 – هه‌ولێر:

نێوان شاری ستۆکهۆڵم و شارۆچکەی بودن، کە دەکەوێتە باکوری سوید 950 کیلۆمەترە. نالی ئۆتۆمبیلێكی کڕیوە و تا بودن دەبی لە ڕێگا یارمەتی بدەم. من پێشتر و لە ساڵی 1986 یەکجار ئەم ناوەم بینیوە، بەڵام هیچم نایەتەوە بیر. کاتژمێر 9ی بەیانی لە ستۆکهۆلم بەڕێکەوتین و ناشزانین کەی دەگەین، هەرچەندە GPS پێمان دەڵێ سەفەرەکەمان نزیکەی دە کاتژمێر دەخایەنی، بەڵام من باوەڕ بەو ئاپەی ناو مۆبایل ناکەم، چونکە خۆم باش دەناسم، ئەگەر لە هەولێر بۆ سولەیمانی من بە سێ کاتژمێر ببڕم، چۆن 950 کم بە دە کاتژمـێر دەبڕم؟

ئێمە دەڕۆین و ڕێگا دوو سایدە و ناوە ناوە تابلۆیەکیش چەقێندراوە و ژمارەیەکی لەسەر نووسرایە. دەزانم کەمن، ژمارەی ئەو کەسانەی ڕێک وەک ژمارەی سەر تابلۆ ئۆتۆمبیل لێبخوڕن، بەتایبەتیش چونکە، جادە چۆل و بەرین و ڕاست و بێ کۆسپ و خۆشە و هەردەڵێی شەقام نییە و مافورە یان گۆڕەپانی تۆپانەی منداڵانە. بەتەنیشت شارە گەورەکان ڕەت دەبین و لەناو شارۆچکەکانیش بێکێشە قورتار دەبین. دیمەنێکی یەکجار جوانە، سەیری لای راست دەکەیت، یەکپارچە دارستانە، سەیری لای چەپت دەکەیت، یەکپارچە دارستانە، سەرەوەت ئاسمانێکی شینی هەوراوییە، پێشت دەبڕیت و پشتت جێدەهێلڵیت و لەوکاتەی لە ئاوێنە سەیری دواوە دەکەیت، دارسنۆبەرە ساغ و بەژن باڵاکان، هێواش هێواش گچکە دەبنەوە و لەبەر چاوت وندەبن. سەوزایی، دەیان پرد و ڕووبار و دەریاچەی گەورە و گچکە دەبینیت و دەبڕیت، بەدەست خۆت نییە، دەکەویتە دەریای خەیاڵ و پێتخۆشە ئەو جادە چۆل و سێبەر و ڕێکە، بێ کۆتایی بێ.

لێرە فەرهەنگی لێخوڕین زۆر بەرزە، هەر شوفێرێک ماف و ئەرکی خۆی دەزانیت و کەسیش کەس بریندار ناکا، بۆیە کەس جوێنیش نادا، هۆڕنیش نابیستی. نیوەی زیاتری ڕێگا دوو سایدە و لەو شوێنانەی یەک جادەیە، لەناوەڕاست تەلبەست کراوە، ئەگەر هەر ترۆمبێلێک بەخێرایێکی زۆریش لەو تەلەی ناوەڕاست بدا، ناتوانی بچێتە دیوەکەی دیکەی جادە و ژیانی خەڵکی ئەودیو بخاتە مەترسی. وەک نووسیم، لەو شوێنانەی جادەکان دەبل ساید نین، هاتووچۆی سوید چارەسەرێکی زۆر جوانی دۆزیوەتەوە. ڕێگایان لەسێ ساید دروست کردووە، هەر چەند کیلۆمەترێک لایەک دەکەن بە دوو ساد و لای دیکە بەیەک ساید، ئەمجارە پێچەوانەی دەکەنەوە و دوو ساید و یەک سایدەکە دەگۆڕن و تەلبەندە بەهێزەکەش لەناوەڕاست هەیە. بەمشێوەیە سەدان کم دەبڕیت، بێ ئەوەی مەترسیت لەسەربێت. هەبوونی ئەم سیستێمە ئارامیێک بە شوفێرەکان دەدات و دەزانن لە چەند سەد مەتری داهاتوو دەتوانن پێش لۆرییەکە بکەونەوە.

من و نالی 950 کم ئۆتۆمبیلمان بە 11کاتژمێر بڕی و نزیکەی یەک کاتژمێریش بۆماوەی چەند جارێک لە ڕێگا پشووماندا و بەنزینمان لە ئۆتۆمبیل کرد.

هاتن بۆ بودن بەکاتی هاوین قەت درەنگ نییە و بەردەوام رۆژ لەدەرەوەیە. لە 28ى تەموز، ئەوڕۆژەی ئێمە گەیشتین، رۆژ لە کاتژمێر 11ی شەو ئاوا بوو و لە کاتژمێر سێی بەیانیش هەڵهات. لە 16ی حوزەیران تا 26 حوزەیران رۆژ بۆ یەک خولەکیش لەو باکورەی سوید ئاوا نابێت.

کەس پێت ناڵێ دەبی بەو خێراییە ئۆتۆمبیل لێبخوڕیت، ئەگەرنا سزات دەدەن یان مۆڵەتی لێخوڕینت لێدەسەننەوە. ناوە ناوە تابلۆیەک دێتە بەرچاو، وێنەی کامیرایەکی لەسەرە و لەسەر وێنەکەش ژمارەیەک هەیە، تۆ ئەم تابلۆیە دەبینیت و پاش نزیکەی 500 مەتر کامیرایەکی هەقیقی دەبینی، ئەگەر یەک کم خێراترت لێخوڕیبی، وێنەیەکت دەگیرێت و پاش چەند رۆژێک بە پۆستە نامەیەکت بۆماڵەوەت بۆ دێت و تێیدا نووسرایە دەبی چەند پارەی لێخوڕینە زیادەکە بدەیت. برادەران دەڵێن بۆ لێخوڕینی 5 کم زیاتر لەوەی ڕیگای پێدراوە، کاکی شوفێر دەبی نزیکەی 200 دۆلار بدا. بێگومان ئەم بڕە پارەیە زۆرە، بۆیە ئەوەی من بینیم، هەموویان کەمتر لەوەی ڕێگایان پێدراوە ئۆتۆمبیلیان لێدەخوڕی. زۆرترین خێراییش لە وڵاتی سوید لەیەک کاتژمێر 120 کیلۆمەتەرە.

لێرە مەبەست کۆکردنەوەی پارە نییە، لە دانانی ئەو هەموو کامیرایە، بەڵکو ڕێکخستنی سیستێـمی ڕێگاو بان و سەلامەتی هاوڵاتییانە. ئەوان دەیانەوێ کەمترین کەس لە کارەساتی هاتووچوو زیانی بەربکەوێ، بۆیە لە وڵاتێكی نزیک دوو هەزار کم درێژ و دە ملیۆن دانیشتوان، ساڵانە کەمتر لە 280 کەس بە کارەستانی هاتوچۆ گیان لەدەست دەدا.

بەخێرایی ڕێگاپێدراو، کامیراکان جێدەهێڵین و نازانم بۆ روسیام دێتەوەبیر... هاوینە و لە سەردانی ماڵە خەزورانم بۆ سوید دەگەڕێینەوە، لە شاری چێلیابینسک بە فڕۆکە بۆ مۆسکۆ دەچین و لە مۆسکۆش دەبی فڕۆکەخانە بگۆڕین. نێوان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی و ناوەخۆ دوورە و ئەگەر کاتت کەم هەبی ناچاریت تەکسی بگریت. ئێمە تەکسیمان گرت و تەکسیمان لە ڕێگا بەر کامیڕای پۆلیس کەوت و لەخەت گیرا. شۆفێر و پۆلیس لەسەر بڕی پارەی جەزا پێکنایەن و بەتوندی قسە لەگەڵ یەکتر دەکەن. زوو تێدەگەیت، پۆلیس بەرتیلی دەوێ. دەشزانی، ئەوان لێرە وەستاون، بۆئەوەی پارە پەیدا بکەن، نەک چونکە لەوێندەر دەبی خێراییت کەم بکەیتەوە. بێگومان ئەو بڕە پارەیەی لە شۆفێران دەستیان دەکەوێ، لەگەڵ سەرووی خۆیان برایانە بەشی دەکەن. هێشتا گفتوگۆی پۆلیس و شۆفێرەکەمان تەواو نەبووە، لە پۆلیسی کامیرامان گوێم لە کۆمەڵێک جوێن دەبی:

- ئەو ناپیاوە چەند بەقانونی لێدەخوڕی؟ توتکە سەگی بەرەڵڵا، تف لە خۆت و سەیارەکەت... گوێم لەو جوێنانە دەبیت و تێگەیشتم پۆلیسەکان زۆر پێیان خۆشە، خەڵک خێراتر لێبخوڕی، بۆئەوەی خاوەی خۆیان وەربگرن، بۆیەش بەردەوام لەو شوێنانە کەمین دادەنێنەوە، کە شۆفێران دوور بەدووری نایان بینن.

دەبی بنووسم، شێوەی کەمین دانانەوەی پۆلیسی روس زۆر لە کەمین دانانەوەی پۆلیسی خۆمان دەکا، نەشمزانیوە، پۆلیسی هاتوچۆی خۆمان، بەرتیل وەربگرن و پارەی پیس بخەنە بەرکیان، بەڵام دەزانم برادەرێکم لە شارۆچکەیەکی دەرەوەی هەولێر دەژیت و هەموو رۆژ پۆلیسەکانی لای خانزاد وێنەی دەشبولی دەگرن. ڕۆژ هات و ڕۆیشت، کارێکی دەکەوێتە مرور و ئاگاداری دەکەنەوە، رەنجڕۆڤەرەکەی بیست ملیۆن دینار قەرزارە. یەک تەلەفۆنی بۆ جەنابی وەزیر کرد، بەیەک کلیک هەموویان بۆ ڕەشکردەوە.