بارزانی: ریفراندۆم له‌ واده‌ی دیاریكراوی خۆیدا ئه‌نجام ده‌درێت

به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ریفراندۆم دواناخرێت

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، جه‌خت له‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ واده‌ی دیاری كراوی خۆی ده‌كاته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، لە سەلاحەددین، مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فرانك بەیكر باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد و دوایین پێشهاتە سیاسییەكان لە گۆڕەپانی عێراق و هەرێمی كوردستانیان تاووتوێ كرد .

هه‌ر له‌و دیداره‌دا، بیروڕا لەبارەی پرسی ڕیفراندۆم و ئەگەر و گریمانەكانی دوای ڕیفراندۆم ئاڵوگۆڕ كرا و باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق وێڕای جەختكردنەوە لە تێگەییشتنی وڵاتەكەی بۆ مافەكانی گەلی كوردستان هەڵوێستی وڵاتەكەی لەبارەی تەوقیتی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم بە سەرۆك بارزانی گەیاند.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی جەختی لە بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و لە وادەی دیاریكراوی خۆی و بەردەوامبوون لە پڕۆسەی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا لەمەڕ ئەو پرسەدا دا كردەوە و بە ڕاشكاوی ئەو هۆكارانەی خستەڕوو كە هانی گەلی كوردستانی داوە بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو بنێت.