پێکانەکەی دێمبڵی لەوە مەترسیدارترە کە پێشبینی دەکرا

دێمبڵی بەهۆی پێکانەوە زیاتر لە دوو مانگ لە بارسێلۆنا دادەبڕێت

K24- هەولێر

پێکانەکەی عوسمان دێمبڵی لەوە مەترسیدارترە کە پێشبینی دەکرا و ئەو هێرشبەرەی بارسێلۆنا بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگ لە یاریکردن دادەبڕێت.

کەناڵی بی ئین سپۆرتس ئاشکرایکردووە، بەپێی دوایین زانیارییەکان پێکانەکەی دێمبڵی زۆر لەوە گەورەترە کە چاوەڕێ دەکرا، ئەو هێرشبەرە فڕەنسییە زیاتر لە 8 هەفتەی پێویستە تاکو دووبارە بگەڕێتەوە یاریگەکان، نەوەک 3 هەفتە کە سەرەتا وا پێشبینیکرابوو.

دێمبڵی دوێنێ شەممە لە گەڕی چوارەمی لالیگا لە یاریی نێوان گیتافێ و بارسێلۆنا لە رانی چەپی تووشی پێکان بوو و نەیتوانی یارییەکە تەواو بکات و دوای یارییەکە یانەی بارسێلۆنا پێکرانی عوسمانی راگەیاند، بەڵام هێشتا بەفەرمی ماوەی دوورکەوتنەوەی هێرشبەرە 20 ساڵانەکە ئاشکرا نەکراوە.

لە رێککەوتێکی سەیردا، نێیمار داسێلڤا و عوسمان دێمبلی لە یەكەم وەرز لەگەڵ بارسێلۆنا بە درێسی ژمارە 11 لە یاریگەی گیتافێ لە خولەكی 24 لەلای ڕاستی یاریگە توشی پیکان بوون و ئەوەی بەسەر نێیمار هات، بەسەر دێمبڵیش دووبارە بووەوە.