ئێران بۆ پاراستنی هیلالی شیعی هه‌وڵی به‌ مۆڵگه‌كردنی چیای شنگال ده‌دات

"ئامانج لە کۆنتڕۆڵکردنى چیاى شنگال بەهێزکردنى پێگەى سەربازى ئێرانە لە عێراق و سووریا و لاوازکردنى پێگەى تورکیایە"

K24 - هه‌ولێر:

ده‌رباره‌ی ئامانجی میلیشیاكانی سه‌ر به‌ ئێران له‌ شنگال و چیاكه‌ی، قاسم شەشۆ فەرماندەی فەرماندەیی شنگال ده‌ڵێت: "بە هۆى پێگەی ستراتیجى چیاى شنگال لە رووى سەربازییەوە کە بووەتە چەقى لێوردبوونەوەى وڵاتە هەرێمییەکانى ناوچەکه‌، ئێستادا حەشدى شەعبى بە مەبەستى دروستکردنى سەربازگە لە لووتکەى چیاکە بە رێککەوتن لەگەڵ پەکەکە لە هەوڵدان دەست بەسەر چیاکەدا بگرن".

قاسم شەشۆ به‌ ئاژانسی ئه‌نادۆڵوی توركی راگه‌یاندووه‌: "بە کۆنتڕۆڵکردنى چیاى شنگال لە لایەن گرووپە چەکدارە نادەستورییەکان یان میلیشیاکانى حەشدى شەعبى هەڕەشە دەکەوێتە سەر تەواوى ناوچەکە و دەبێتە هۆى نائارامى، دیمۆگرافیاى تەواوى سنوورەکە بۆ سنوورێکى سەربازى دەگۆڕێت".

هه‌روه‌ها، دکتۆر عەبدولخالق رەشید، شارەزاى جوگرافى و شرۆڤەکارى سەربازى به‌ ئاژانسه‌ توركییه‌كه‌ی گوتووه‌: "حەشدى شەعبى لەژێر چاودێرى ئێران هەموو هەوڵێکى خستووەتەگەڕ بۆ کۆنتڕۆڵکردنى تەواوى چیاى شنگال، ئامانج لە کۆنتڕۆڵکردنى چیاکەش بەهێزکردنى پێگەى سەربازى ئێرانە لە عێراق و سووریا و لاوازکردنى پێگەى تورکیایە لە ناوچەکە و دروستکردنى هەڕەشەیە لەسەر ئیسرائیل و چەند وڵاتێکى دیکەى ناوچەکەش".

ئەو شرۆڤەکارە سەربازییە گوتوویه‌تی: "کۆنتڕۆڵکردنى تەواوى چیاى شنگال لە لایەن حەشدى شەعبى، خاڵى بەهێزى ئێرانە بۆ بەرگریکردن لە هیلالى شیعى، ئەگەر لەو سنوورانە ورد ببینەوە کە لە لایەن حەشدى شەعبى کۆنترۆڵکراون لە سنوورى نێوان هەرێمى کوردستان و عێراق، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئێران هیلالى شیعى دروستکردووە، بۆیە لە سنوورى نێوان عێراق و سووریا پێویستى بە هێزی سەربازى هەیە بۆ بەرگریکردن لەم هیلالە شیعییە، تاکە شوێنیش کە ئێران بە نیازە بە کاریبهێنێت، چیای شنگالە".

عەمید وریا زیارەتى ، كه‌ فەرماندەىه‌كی مەیدانىیه‌ لە سنوورى شنگال، به‌ ئاژانسی ئانادۆڵۆی گوتووه‌: "ئەو چەکدارانەى لە ژێر ناوى سوپاى عێراق روویان لە شنگال کردووە، میلیشیاى حەشدى شەعبین لەگەڵ بەشێکى زۆر لە فەرماندە و سەربازانى سەربە سوپاى پاسدارانى ئێران، تەنانەت بەشێک لە چەکدارەکان سەربە حزبوڵڵاى لوبنان بوون، تا ئێستاش بوونیان لە سنوورى شنگال هەیە و کار و چالاکییەکانیان درێژەى هەیە.

چیاى شنگال دەکەوێتە سنوورى نێوان عێراق و سووریا، ٧٩ کیلۆمەتر درێژە و زیاتر لە هەزار و ٤٠٠ مەتر بەرزە و لە رووى سەربازییەوە لە دێر زەمانەوە بە چیاییەکى سەخت و ستراتیجی ناسراوە.

سه‌رچاوه‌: ئاژانسی ئه‌نادۆڵو