ئه‌ركانى سوپاى توركيا راگه‌يه‌ندراوێكى بڵاوكرده‌وه
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكايه‌تى ئه‌ركانى سوپاى توركيا رايگه‌ياند، هێرشى توركيا بۆ سه‌ر عفرين ده‌ستيپێكرد.
سه‌رۆكايه‌تى ئه‌ركانى سوپاى توركيا له راگه‌يه‌ندراوێكدا رايگه‌ياند، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه 20ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2018، كاتژمێر (05:00) هێرشى توركيا بۆ سه‌ر عفرين له ژێر ناوى "ئۆپراسيۆنى چڵه زه‌يتون" ده‌ستيپێكرد.
له راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌دا سه‌رۆكايه‌تى ئه‌ركانى سوپاى توركيا رايشيگه‌ياندووه، ئامانجيان له‌ناوبردنى هێزه‌كانى په‌يه‌ده، يه‌په‌گه، په‌كه‌كه و داعشه له عفرين. وه‌ك ئه‌وه‌ى ئاژانسى هه‌واڵده‌رى ئه‌نادۆڵ بڵاويكردووه‌ته‌وه.
كه‌مێك پێش ئێستا ژماره‌يه‌ك فڕۆكه‌ى جه‌نگى هێڵى سنوورى نێوده‌وڵه‌تى سووريايان به‌زاند و بۆمبابارانى شارى عفرينيان كرد.
ئاژانسى هه‌واڵده‌رى ئه‌نادۆڵى توركيى و دها بڵاويانكرده‌وه، فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى توركيا به ئاسمانى عفريندا سووڕاونه‌ته‌وه و چه‌ند خاڵێكيان كردووه‌ته ئامانج.
تا ئێستا راده‌ى زيانه گيانى و ماڵييه‌كانى بۆمبابارانى فڕۆكه‌كانى توركيا نه‌زانراوه.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، سه‌رۆك وه‌زيرانى توركيا بن عه‌لى يه‌ڵدرم رايگه‌ياند، هێزى ئاسمانيمان و فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى سوپا ده‌ستيان به بۆمبابارانى عفرين كردووه.
سه‌رۆك وه‌زيرانى توركيا دووپاتيكرده‌وه، ئه‌وان به‌رده‌وام ده‌بن له بۆمبابارانكردنى عفرين و ئامانجيان له‌ناوبردنى "سته‌مى" په‌يه‌ده‌يه.