دەربارەی: بەرهەمهێنانی فیلم و وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسکار

Kurd24

ئۆسکار یان Academy Award خەڵاتێکی سینەمایی ئەمریکییە و لە 16ی مایسی 1929وە ساڵانە لەلایەن ئەکادێمیای فیلمی ئەمریکی و ABC بە باشترین: فیلم، سیناریۆ، ئەکتەر...هتد دەبەخشرێ. خەڵاتی ئۆسکار Oscar بەناوبانگترین خەڵاتی سینەمای جیهانە و لەگەڵ ئەوەش، ئەو فیلمانەی خەڵاتی ئۆسکاریان پیدەبەخشرێ مەرج نییە، لە ئەمریکا بەرهەم هێندرابن، بەڵام دەبی بە زمانی ئینگلیزی بن، لەهەمان کات لە ساڵی (1957)ەوە ساڵانە یەک خەڵاتی ئۆسکار بە یەک فیلمی بیانی دەدرێ. لە یادی 80 ساڵەی ڕێکخستنی خەڵاتی ئۆسکار 2696 پەیکەری ئۆسکار بەخشرابوو، 293 هونەرمەند خەڵاتی ئۆسکاریان وەرگرتبوو. ئاهەنگی پێدانی خەڵاتی ئۆسکار، ساڵانە لە کۆتایی شوبات پێشکەش دەکرێت و لە ڕێگای شاشەی ABC Television Network بۆ بینەران دەگواسترێتەوە.

خەڵات بەو فیلمانە دەدرێ، کە ساڵێک پێشتر لە سینەماکان پیشاندراون و بۆئەوەی فیلمەکان بۆ خەڵاتی ئۆسکار بەرزبکرێنەوە، دەبی لە سینەماکانی Los Angeles پیشاندرابن. فیلمەکانی بەشداربوو لە پێشبڕکێ بۆوەرگرتنی ئەم خەڵاتە، دەبی لە مانگەکانی نۆڤێمبەر و دێسێمبەر بۆ ئەکادێمیا بەرزکرابنەوە. دەنگدان بە هەڵبژاردنی فیلم، بە شێوەی نهێنییە و لەلایەن ئەندامانی ئەکادێمیا بەڕێوە دەچێ. هەر ئەندامێک بەگوێرەی پیشەی خۆی دەنگدەدا. هەربۆنموونە: سیناریست، باشترین سیناریۆ هەڵدەبژێری، ئەکتەری ژن، باشترین ئەکتەری ژن هەڵدەبژێری، کامیرامان، باشترین گرتنی فیلم هەڵدەبژێری...هتد.

خەڵاتی ئۆسکار 34 سم بەرزە و 3850 گرامە و دروستکردنی بەهەمووی تەنیا 500 دۆلاری تێدەچێت. لە ساڵی 1950ەوە، بڕیارێک هەیە، کڕین و فرۆشتنی بە خەڵاتی ئۆسکاری قەدەغە کردووە. کەسی فرۆشیار لەسەرەتا دەبی ئاگاداری ئەکادێمیا بکاتەوە و ئەگەر ئەکادێمیا بیەوێ خەڵاتەکە بۆخۆی بەنرخی تەنیا (دە دۆلار) هەڵبگریتەوە، دەبی بەوان بفرۆشترێ. ئەگەر ئەکادێمیا ئامادەنەبی بەو بڕە پارەیە خەڵاتەکە بکڕێ، خاوەنی دەتوانی لەبازاڕ بیفرۆشێ. لە ساڵی 1955ەوە، هەموو پەیکەرەکان ژمارەی زنجیرەیان لەسەر نووسرایە، بۆئەوەی کۆپی نەکرێنەوە. لەهەمان کات، فرۆشتنی خەڵاتەکانی پێش 1950 ڕێگاپێدراوە. لە ساڵی 1999 Michael Jackson خەڵاتی فیلمی (ئەولاتری با)ی بە نرخی یەک ملیۆن و 540 هەزار دۆلار کڕی. لە ساڵی 1996 Steven Spielberg پەیکەری فیلمی (لەیەک شەو ئەوە ڕوویدا) بە نرخی 578 هەزار دۆلار هەروەها خەڵاتی فیلمی (Jezebel)ی ساڵی 1938 بە 607 هەزار دۆلار لە هەراجخانە کڕی و هەردووک پەیکەری پێشکەش بە مۆزەخانەی ئەکادێمیا کرد.

وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسکار زۆر گرانە و پێشبڕکێیەکی یەکجار توندی لەسەرە، لەگەڵ ئەوەش هەندێک فیلم نەک یەک، بەڵکو کۆمەڵێک خەڵاتی ئۆسکار وەردەگرن. فیلمەکانی Ben-Hur 1959، Titanic 1997، لەگەڵ داستانی The Lord of the Rings: The Return of the King 2003، هەر یەک لەو فیلمانەی سەرەوە 11 خەڵاتی ئۆسکاریان وەرگرتووە. فیلمی West Side Story 1961، دە خەڵاتی ئۆسکاری وەرگرتییە و دواتر سێ فیلم 9 خەڵاتیان وەرگرتییە، هەشت فیلم هەشت خەڵاتیان وەرگرتییە...هتد.

Katharine Hepburn چوار خەڵاتی ئۆسکاری وەرگرتییە، Daniel Day-Lewis، Jack Nicholson،Ingrid Bergman، Meryl Streep لەگەڵ Walter Brennan هەر یەک لەو ئەکتەرانەی سەرەوە سێ خەڵاتی ئۆسکاریان وەرگرتییە، هەروەها John Ford ی ڕێژیسۆر چوار خەڵاتی پێدرایە.

هەر کەسێک ببێتە خاوەن خەڵاتی ئۆسکار، هەزار و یەک دەرگای بۆ دەکرێتەوە و هەموو کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی فیلم پەیوەندی پێوە دەکەن و دەیانەوێ بەشداری لە فیلمەکانی ئەوان بکەن، چونکە بەشداربوونی: سیناریست، ڕیژیسۆر یان ئەکتەری بەناوبانگ، هیوای سەرکەوتنی زۆر بە فیلم دەبەخشیت و لەهەمان کاتیش بازاڕ بۆ فیلم دەڕەخسێنیت و قازانجی زۆر دەکەن.

بەرهەمهێنانی فیلم، جگە لەوەی پیشاندانی کۆمەڵێک هونەری جوان و بەنرخە وەک: نواندن، گرتن، مۆسیقادانان، هەڵبژاردن یان بەرزکردنەوەی بابەت... هتد، بازرگانیێکی زۆر گەورەشە. کۆمپانیا گەورەکانی بەرهەمهێنانی فیلم لە جیهان، لەبەرهەمهێنانی فیلم، بیر لە خزمەتکردن بە وڵات و کۆمەڵگای خۆیان ناکەنەوە، بەڵکو جگە لە پیشاندانی هونەرێکی مەزنی سەرسوڕهێنەر، ئامانجیان دەستکەوتی ماددییە. هەربۆنموونە: فیلمی Ben-Hur باس لە ژیانی عیسا پێغەمبەر دەکات، کە چۆن ژیا و پەیامی چۆن بڵاوکردەوە.  یەک لەوفیلمانەیە، لەکاتی خۆی 1959 گەورەترین بودجە (15 ملیۆن و 175 هەزار دۆلار)ی بۆتەرخانکرا. لەم فیلمە زیاد لە 100 هەزار دەستەجل دوورا و 8000 کەسی شارەزا لە بواری جیا جیا کاریان لە بەرهەمهێنانی کرد و لە ئەنجامدا 146 ملیۆن و 900 هەزار دۆلاری دەستکەوت. ئەم فیلمە لە رۆمانی:  Ben-Hur: A Tale of the Christ وەرگیرایە، کە لەلایەن Lewis Wallace لە ساڵی 1880 چاپی یەکەمی کرا.

فیلمی تایتانیک بودجەی 200 ملیۆن دۆلار بوو، 2 ملیارد و 187 ملیۆن دۆلار قاسەی بوو. بە گرانترین فیلمی ئەوکات 1997 باسی دەکرێ، دواتر فیلمی دیکە وەک: John Carter (2012) 300 ملیۆن دۆلاری تێچوو، کە بینەر هەست دەکا بەڕاستی خۆی لەسەر ئەستێرەی مارسە. هەروەها فیلمی Pirates of the Caribbean (2007) دیسان 300 ملیۆن دۆلار خەرجی تێچوو. زنجیرە فیلمەکانی Hobbit وهەریەکە و 270 ملیۆن دۆلاریان تێچووە.

یەک لەو ئەکتەرانەی زۆرترین پارەی لەڕێگەی نواندنەکانی بەدەست هێناوە Harrison Ford، کە نزیکەی 5 ملیارد دۆلاری لە ڕێگای نواندن دەستکەتووە. Stellan Skarsgård نزیکەی 3 ملیار دۆلاری دەستکەوتووە و Bruce Willis سێیەم زۆرترین پارەی نزیکەی 300 ملیۆن دۆلاری دەستکەوتییە.

Matt Damon بۆ هەر فیلمێک 20 ملیۆن دۆلار وەردەگری Sandra Bullock بۆ بەشداریکردن لە فیلمی Gravity 20 ملیۆن دۆلاری وەرگرت. بەگوێرەی هەندێک سەرچاوە،  Leonardo DiCaprio 25 ملیۆن دۆلاری بۆ فیلمی Wolf of Wall Street وەرگرتییە.

بەرهەمهێنانی فیلمی ئاست بەرز یان وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسکار، بۆ هیچ گەل و وڵاتێک، بە ڕێکەوت و لەناکاو نەبووە و نییە، بەڵکو بە پرۆسەیەکی مێژوویی دوور و درێژ گرێدرایە و لەهەمان کات، شعر و چیڕۆک و ڕۆمان، شانۆ و سینەما، نەخش و نیگار و کێشانی تابلۆ لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە و هەزم دەکرێ، فەرهەنگ بایەخی زۆری پێدەدرێت، حکومەت بودجەی زۆر و زەبەلاحی بۆتەرخان دەکا، یارمەتی کارمەندانی ئەم بوارە دەدات و زەمینە بۆ پێشخستنی دەڕەخسێنێ. نووسەر، نیگارکێش، هونەرمەند یان هەموو کارمەندانی ئەم بوارە، بە یاسا مافیان پارێستراوە. ئەوان نەک تەنیا کێشەی ئابوورییان نییە و خۆش دەژین، بەڵکو بە بەرهەمەکانیانەوە زۆریش دەوڵەمەند دەبن، چونکە بازاڕ بۆ ساغکردنەوەی هەیە و لکێکی گرنگی پیشەسازییە.