ئهمڕۆ بۆ خولی نایابی كوردستان رۆژێكی ئاگرین دهبێت
ئهمڕۆ شهممه لە گەڕی شەشەمی خولی نایابی کوردستان 4 یاری دهكرێن، هەندرێن پشوو دەبێت، برایەتی پێشەنگیش لە هەولێر میوانداریی پێشمەرگەی هەولێر دەکات و ئاراراتیش بەبێ غەفور عوسمان دەبێتە میوانی زێرەڤانی.
لە یارییهكهی دیكهیش، له سلێمانی نەورۆز و هەولێر بەیەک دەگەن و شێروانەش کە تاکو ئێستا بە دوای گۆڵێک عەوداڵە میوانداریی زاخۆ دەکات.
برایهتی ـ پێشمهرگهی ههولێر
لە هەولێر یانەی برایەتی دوای بردنەوەی لە هەولێر و وەرگرتنی پێشەنگی خولەکە میوانداریی پێشمەرگەی هەولێر دەکات.
هونەر ئەحمەد بەهۆی پێکانەوە گومان هەیە بتوانێت لەگەڵ برایەتی بەشداریی یارییەکە بکات، برایەتی دەیەوێت سوود لە پشوودانی هەندرێن وەربگرێت و تەمەنی لە پێشەنگی خولەکە درێژ بێت، بەڵام پێشمەرگەی هەولێر بە تەواوی یاریزانەکانی دەیەوێت وەکچۆن هەندرێنی لە پێشەنگایەتی خست، ئەم هەفتەیە برایەتیش لە پێشەنگایەتی بخات و هەنگاوێکی دیکە خۆی لە لوتکەی ریزبەندی نزیک بکاتەوە.
زێرهڤانی ـ ئارارات
لە دهۆکیش، زێرەڤانی کە تاکە نوێنەری ئەو شارەیە میوانداریی ئارارات دەکات، زێرەڤانی کە تاکو ئێستا تەنیا سهركهوتنێكی بەدەستهێناوە، بە سەرکردایەتی دوو هێرشبەرە پیشەگەرەکەی میوانداریی ئاراراتی سێیەم دەکات، ئهمهش له كاتێكدایه هێشتا گرێبەستە گرانبەهاکانی زێرهڤانی نەیانتوانیوە ئەنجامی باش بۆ یانهكه بەدەست بهێنن و ئەوەی لە یانەکە چاوەڕوان دەکرا هێشتا پێشکەشی نەکردووە، ئاراراتیش کە تاکە یانەیە لەم وەرزە نەدۆڕاوە، بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوور بەبێ غەفوور عوسمانی گۆڵپارێزی ئەم یارییە ئەنجام دەدات.
شێروانه ـ زاخۆ
لە کەلاریش، شێروانەی گەرمیانییەکان بە دوای گۆڵێک عەوداڵە و دوای ٣٦٠ خولەک تاکو ئێستا نەیتوانیوە هیچ گۆڵێک لە خولەکە تۆمار بکات و دەیەوێت ئەوەی لە چوار یاریی رابردوو پێی نەکراوە، بەرامبەر زاخۆ ئەنجامی بدات.
زاخۆ کە سەرجەم یاریزانەکانی خەڵکی زاخۆن، تاکو ئێستا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی نەیتوانیوە هیچ خاڵێک بەدەست بهێنێت و لە کۆی 3 یاری لە دەرەوەی یاریگەی خۆی تەنیا شکست بەشی بووە.
نهورۆز ـ ههولێر
لە سلێمانیش نەورۆز میوانداریی هەولێر دەکات و دۆخی هەردوو یانەکە ئەوەندە خراپە کەس ئیرهییان پێ نابات، نەورۆز تاکو ئێستا سەرەڕای گۆڕینی راهێنەرەکەی نەیتوانیوە هیچ سەرکەوتنێک لە خولەکە بەدەست بهێنێت، هەولێریش پێش ئەم یارییە 4 یاریزانی بەڕێکردووە و تاکو ئێستا تەنیا خاوەنی 3 خاڵە و لەم وەرزە تووشی سێ دۆڕان بووە.