داعش گه‌ڕه‌كێكی دیمه‌شقی كۆنترۆڵ كرد
K24 - هه‌ولێر:
روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، رایگه‌یاند: "چه‌كدارانی رێكخراوی داعش گه‌ڕه‌كی "القدم"ـیان له دیمه‌شقی پایته‌ختی سووریا كۆنترۆڵكردووه‌و هێزه‌كانی سه‌ر به به‌شار ئه‌سه‌دیان ده‌ركردووه".
دوای هه‌فته‌یه‌ك له راده‌ستكردنه‌وه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كه له‌لایه‌ن ئۆپۆزیسیۆنی سووریا به رژێمی سووریا، ئێواره‌ی رۆژی دووشه‌ممه چه‌كدارانی داعش گه‌ڕه‌كه‌كه‌یان خستووه‌ته ژێر كۆنترۆڵی خۆیان.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ كه باره‌گاكه‌یان له له‌نده‌نه، له‌و ھێرشه‌ی چه‌كدارانی داعشدا 36 ئه‌ندامی ھێزه‌كانی حكوومه‌تی سووریا كوژراوون و ده‌یان كه‌سی دیكه‌یش بریندار بوون.
له ماوه‌ی رابردوودا چه‌كدارانی داعش كۆنترۆڵكردنی گه‌ڕه‌كه‌كه‌یان راگه‌یاندبوو، به‌ڵام حكومه‌تی سووریا هیچ لێدوانێكی له‌وباره‌یه‌وه نه‌دا.
هێرشی داعش بۆ سه‌ر ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ی پایته‌ختی سووریا له كاتێكدایه، هێزه‌كانی سه‌ر به به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رقاڵی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانی ده‌روروبه‌ری پایته‌ختن كه له ژێر كۆنترۆڵی هێزه‌كانی ئۆپۆزیسیۆندایه.