چین نهێنی وه‌ستانی تاقیكردنه‌وه ئه‌تۆمییه‌كانی كۆریای باكوور ئاشكرا ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
له توێژینه‌وه‌یه‌كدا كه له‌لایه‌ن پسپۆرانی زه‌ویناسی چینییه‌وه ئه‌نجامدراوه، ده‌ركه‌وتووه، له‌ئه‌نجامی چه‌ند ته‌قینه‌وه‌یه‌ك، به‌شێك له‌و شوێنه داته‌پیوه، كه سه‌رۆكی كۆریای باكوور تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌تۆمی و مووشه‌كییه‌كانی لێ ئه‌نجام ده‌دات، ئه‌مه‌ش وایكردووه، شوێنه‌كه جێی متمانه نه‌بێت بۆ ته‌قینه‌وه‌ی زیاتر و مه‌ترسی دزه‌كردنی تیشكه زیانبه‌خشه‌كانی لێ ده‌كرێت.
به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌ی "The Guardian"ـی به‌ریتانی، بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه راستگۆیی كۆریای باكووری خستۆته گومانه‌وه، كاتێك هه‌فته‌ی رابردوو سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته رایگه‌یاندبوو، ئه‌و ده‌یه‌وێت ده‌ست له تاقیكردنه‌وه ئه‌تۆمییه‌كانی هه‌ڵگرێت، به‌ر له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ مون جای ئین هاوتاكه‌ی له كۆریای باشوور، كه بڕیاره سبه‌ی 27 ئه‌م مانگه به‌ڕێوه بچێت.
ئه‌و شوێنه‌ی كه له‌ساڵی 2006ـه‌وه هه‌رشه‌ش تاقیكردنه‌وه ئه‌تۆمییه‌كانی پیۆنگ یانگی لێ ئه‌نجامدراوه، ده‌كه‌وێته ناوچه‌یه‌كی شاخاوی له ده‌ڤه‌ری "بونجی ری" له باكووری رۆژهه‌ڵاتی كۆریای باكوور.
به‌گوێره‌ی زانایانی جیۆلۆجی له زانكۆی زانست و ته‌كنۆلۆژیای چین، ئێستاش به‌هۆی ئه‌و تاقیكردنه‌وه زه‌به‌لاحانه‌وه و هه‌روه‌ها بوونی تۆڕێك تونێلی گه‌وره له‌ژیر زه‌وی ئه‌و ناوچه‌یه، شاخه‌كه داته‌پیوه و مه‌ترسی دزه‌كردنی مادده‌ی تیشكده‌ری لێ ده‌كرێت و ئه‌و شوێنه چیتر بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی له‌و جۆره شیاو نییه، هه‌ر بۆیه‌ش سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته رایگه‌یاندووه، ئه‌وان ده‌ست له تاقیكردنه‌وه ئه‌تۆمییه‌كانیان هه‌ڵده‌گرن، نه‌ك له‌به‌ر نیازپاكی خۆی.
له‌كاتێكدا كه ته‌قینه‌وه ئه‌تۆمییه‌كان، بڕێكی زۆری وزه و گه‌رما ده‌رده‌كه‌ن، پێشبینی ده‌كرێت گه‌وره‌ترین ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌ی كۆریای باكوور له‌و پێگه‌یه ئه‌نجامیداوه، ئه‌وه بێت كه له 3ی ئه‌یلوولی ساڵی رابردوو ئه‌نجامیدا و، به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان به‌هۆی ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه و بوونی تۆڕێك له توونێلی ئه‌تۆمی له‌ژێر زه‌وی، لوتكه‌ی چیای مانتاب به‌سه‌ر بناره‌كه‌یدا داته‌پیوه.
وه‌ك رۆژنامه‌ی "The Guardian" بڵاویكردۆته‌وه، دوایین تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌تۆمی له كۆریای باكوور، گوڕه‌كه‌ی 6.3 پله بووه و، دوای ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌ش، له‌ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كدا 4 بومه‌له‌رزه‌ی یه‌ك له‌دوای یه‌كی به‌دوای خۆیدا هێنابوو.
وه‌ك توێژینه‌وه چینییه‌كه ده‌ریخستووه، دوای ته‌نیا 8 كاتژمێر و نیو له تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌یلولی رابردوو، به‌شێك له لوتكه‌ی شاخه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی ستوونی به‌ره‌و ئه‌و خاڵه داته‌پیوه، كه ته‌قینه‌وه‌كه تێیدا ئه‌نجامدراوه، توێژه‌رانی ئه‌و تویژینه‌وه‌یه هێزی بۆمبه‌كه‌یان به زیاتر له 100 كیلۆ ته‌ن له مادده‌ی "تی ئێن تی" مه‌زه‌نده كردووه، كه ئه‌مه‌ش 10 ئه‌وه‌نده‌ی هێزی هه‌موو ئه‌و بۆمبانه‌یه كه پێشتر كۆریای باكوو تاقی كردوونه‌ته‌وه، له‌كاتێكدا ئه‌و بۆمبه‌ی كه له ساڵی 1945 هێرۆشیمای پێ وێرانكرا، كێشه‌كه‌ی 15 كیلۆ ته‌ن بوو.
هه‌ر له‌ژێر سایه‌ی ده‌ره‌نجامه‌كانی ئه‌و توێژینه‌وه‌یه، زانایانی چین هۆشداری ده‌ده‌ن به‌وه‌ی كه "به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی له لێكۆڵینه‌وه‌كه‌دا سه‌باره‌ت به رووچوون و داته‌پینی شوێنی تاقیكردنه‌وه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی كۆریای باكوور له چیای مانتاب ده‌ستیان كه‌وتوون، له ئه‌گه‌ری دزه‌كردنی هه‌ر مادده‌یه‌كی تیشكده‌ر له‌و شوێنه، پێویسته له‌سه‌ر چاودێریكردنی به‌رده‌وام بن".
H.B