توركمانەكانی كەركووك چاویان بڕیووەتە پۆستی پارێزگار

"كورد بەوە قایل نابێت و پێشتریش ئەوەی نەكردووە"
kurdistan24.net

K24 - كەركووك

هێزە سیاسییە تورکمانەكان بۆ ئەم هەڵبژاردنە دەیانەوێت چوار کورسی پەرلەمانی عێراق بەدەست بهێنن، ئەوان لە ئێستاوە دەڵێن، لەدوای هەڵبژاردنەکان رێژەی کورسیی پێکهاتەکان دەکەنە بنەمایەك بۆ دابەشکردنی پۆستە ئیداریەکانی شارەکە، راشیدەگەیەنن، کە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك و چەند پۆستێکی دیکەی ئیداری لە پشکی پێکهاتەی تورکمانە، تەنانەت قسە لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکووکش دەکەن، لەنێوان عەرەب و تورکمان، لایەنە کوردیەکانیش کە ئێستا دەسەڵاتییان لەدەستداوە لەشارەکە رازی نین دەنگدانی پەرلەمانی عێراق بکرێتە بنەمای دابەشکاری پۆستە ئیداریەکان.

لایەنە سیاسییەكانی توركمان لە كەركووك، خۆیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان ئامادەکردووە، زۆربەیان بۆ ئەم هەڵبژاردنە یەکیان گرتووە و بەلیستێك بەشداری ھەڵبژاردن دەبێت. ئەوان دەیانەوێت لەدوای دەنگدان گۆڕانکاری ئیداری لە شارەکە بکەن.

تورکێش ساڵحی، بەرپرسی راگەیاندنی بەرەی تورکمانی بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەو گۆڕانكاریانەی داوامان كردووە لەسەر بنەمای رێژەی دەنگەكانە و كارێكی دیموكراسییە، چونكە ئێمە دڵنیای لەم ھەڵبژاردنە رێژەی دەنگەكان گۆڕانكارییان بەسەردا دێت، ئەوكات ئێمە مافی خۆمانە پۆستی زیاترمان ھەبێت".

لایەنە کوردییەکان هەوڵەکانیان بە ئاڕاستەی بەرزکردنەوەی رێژەی دەنگەکانیانە، ئەوان دەڵێن، ئێمە قایل نابین ئەم هەڵبژاردنە بکرێتە بنەمایەك بۆ گۆڕانکاری ئیداریی لەشارەکە.

ئاسۆ مامەند، لێپرسراوی مەڵبەندی دووی یەکێتی لە کەرکووك دەڵێت: "لە ھەولێر و سلێمانی رێژەی كورسییەكان چەند بێت بۆ كوردە، بەڵام لە كەركووك و ناوچە جێناكۆكەكان بە پێچەوانەوەیە، ئەم دۆخەی كەركووك ئێستا دۆخێكی نەخوازراوە، لە رووی ئەمنی و ئیدارییەوە، بۆیە پێویستە بە دەنگدان رووبەڕووی دۆخەكە ببینەوە، كە بۆ ئێمەی كورد بەشداریمان بە رێژەی زیاتر لە پەرلەمانی عێراق لەم دۆخەدا گرنگە و دەبێ كورد بە یەك تیم بەشداری لە حكوومەتی داھاتووی عێراق بكات".

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیان لایە، باس لەوە دەکەن دابەشکردنی پۆستەکان لەشارەکە لەسەر بنەمای رێكکەوتن بووە نەك رێژەی دەنگەکان.

مەولود رەسوڵ، لێپرسراوی مەڵبەندی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە كەركووك بە كوردستان24 گوت: "لە ھەڵبژاردنەكانی پێشوو ئەگەر بەپێی رێژەی دەنگەكان بوایە، ئەوا كورد ھەموو پۆستەكانی دەگرتە دەست، بەڵام لەپێناو پێكەوەژیان لە كەركووك كورد دەستبەرداری زۆربەی پۆستەكان بوو".

ھ،م