به‌ كشانه‌وه‌ى ئه‌مريكا له‌ رێككه‌وتنى ناووكى گرژييه‌كانى ئێران و ئيسرائيل په‌ره‌ ده‌ستێنن

ئه‌گه‌ر ئيداره‌ى ئه‌مريكا له‌ رێككه‌وتنى ناووكى بكشێته‌وه‌، ئه‌وا تاڵيى په‌شيمانييه‌كى مێژوويى ده‌چێژێت

K24 – هه‌ولێر:

هاوكات له‌گه‌ڵ نزيكبوونه‌وه‌ى واده‌ى بڕياره‌ گرنگه‌كه‌ى (دۆناڵد تره‌مپ) سه‌رۆكى ئه‌مريكا له‌ باره‌ى رێككه‌وتنى ناووكى (ئێران و وڵاتانى پێنج كۆ يه‌ك)، گرژييه‌كانى نێوان ئيسرائيل و ئێران په‌ره‌يان سه‌ندووه‌.

له‌ نوێترين پێشهاتدا، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سه‌رۆكى ئه‌مريكا، (دۆناڵد تره‌مپ)، له‌ رێى تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تى (تويته‌ر)ه‌وه‌ رايگه‌ياند، "كاتژمێر (06:00)ى ئێواره‌ى رۆژى سێشه‌ممه‌ (7ى ئايار/ مايۆى 2018) به‌ كاتى گرينچ، بڕيار له‌ باره‌ى رێككه‌وتنى ناووكى ئێران و وڵاتانى پێنج كۆ يه‌ك ده‌ده‌م".

چاوه‌ڕێ ده‌كرا، (تره‌مپ)، رۆژى (12)ى ئه‌م مانگه‌ بڕيار له‌ باره‌ى نوێكردنه‌وه‌ى ماوه‌ى سزاكانى ئه‌مريكا بۆ سه‌ر ئێران و رێككه‌وتنى ناووكى بدات.

رۆژى (3ى ئه‌م مانگه‌) به‌رپرسانى كۆشكى سپى ئاشكرايان كردبوو، (تره‌مپ)، به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌چێت، له‌ رێككه‌وتنى ناووكى ئێران و وڵاتانى پێنج كۆ يه‌ك بكشێته‌وه‌.

(تره‌مپ)، چه‌ندينجار ره‌خنه‌ى له‌ ناوه‌ڕۆكى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ گرتووه‌، كه‌ ئه‌مريكا و وڵاتانى ديكه‌ى ئه‌ندامى هه‌ميشه‌يى ئه‌نجوومه‌نى ئاسايشى نێوده‌وڵه‌تى و ئه‌ڵمانيا له‌گه‌ڵ كۆمارى ئيسلامى ئێران له‌ (ته‌مموزى 2015) واژوويان كردبوو.

به‌ گوێره‌ى رێككه‌وتنه‌كه‌، كۆمارى ئيسلامى ئێران ده‌ستبه‌ردارى پيتاندنى يۆرانيۆم ده‌بێت و له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌مريكا و وڵاتانى ئه‌وروپا سزائابوورييه‌كانى سه‌ر ئێران هه‌ڵده‌گرن.

(تره‌مپ) ده‌ڵێت: "ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ده‌سته‌به‌رى ئه‌وه‌ ناكات له‌ داهاتوودا ئێران نه‌بێته‌ خاوه‌نى چه‌كى ناووكى".

كۆمارى ئيسلامى ئێران به‌رده‌وام ره‌تيكردووه‌ته‌وه‌، هه‌وڵى به‌ده‌ستهێنانى چه‌كى ناووكى دابێت و ئيسرائيلى به‌ وروژاندنى گومان له‌ دژى وڵاته‌كه‌ى تۆمه‌تبار كردووه‌.

رێككه‌وتنه‌ ناووكييه‌كه‌ به‌ يه‌كێك له‌ ده‌ستكه‌وته‌ گرنگه‌كانى ئيداره‌ى (باراك ئۆباما)ى سه‌رۆكى پێشووى ئه‌مريكا هه‌ژمار ده‌كرا، به‌ڵام (تره‌مپ) بڕواى وايه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ "خراپترين رێككه‌وتنه‌ كه‌ به‌رچاوى كه‌وتبێت".

له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، رۆژنامه‌ى (The New York Times)ى ئه‌مريكى بڵاويكرده‌وه‌، ئێران هۆشدارى داوه‌ له‌ "په‌شيمانبوونه‌وه‌يه‌كى مێژوويى" ئه‌گه‌ر ئه‌مريكا بڕيار بدات، له‌ رێككه‌وتنى ناووكى بكشێته‌وه‌.

له‌ لاى خۆيه‌وه‌ ئيسرائيل، ئه‌و رێككه‌وتنه‌ به‌ "هه‌ڵه‌يه‌كى گه‌وره‌" وه‌سفده‌كات و سه‌رۆك وه‌زيرانى ئيسرائيليش (بنيامين ناتانياهۆ) چه‌ندينجار داواى له‌ ئه‌مريكا كردووه‌، "يان رێككه‌وتنه‌كه‌ به‌ ته‌واوى هه‌موار بكاته‌وه‌، يان به‌ ته‌واوى ره‌تيبكاته‌وه‌".

(ناتانياهۆ) ئه‌وه‌شى گوتووه‌: "هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ئێران له‌ به‌ده‌ستهێنانى بۆمبى ناووكى دواده‌خات، به‌ڵام به‌ ته‌واوبوونى ماوه‌ى رێككه‌وتنه‌كه‌، ئێران ده‌بێته‌ خاوه‌نى جبه‌خانه‌يه‌كى كامڵى چه‌كى ناووكى".

هه‌فته‌ى رابردوو، (ناتانياهۆ) رايگه‌ياند، ئيسرائيل زياتر له‌ (100) هه‌زار به‌ڵگه‌ى هه‌واڵگريانه‌ى وردى له‌ باره‌ى پرۆگرامى ناووكى ئێران له‌به‌ر ده‌ستدايه‌، كه‌ "پيشانى ده‌دات ئێران ده‌ستبه‌ردارى به‌ده‌ستهێنانى چه‌كى ناووكى نه‌بووه"‌.

له‌ لايه‌ن خۆيه‌وه‌، سه‌رۆكى كۆمارى ئيسلامى ئێران، (حه‌سه‌ن رووحانى) رايگه‌ياند، "ئه‌گه‌ر ئيداره‌ى ئه‌مريكا له‌ رێككه‌وتنى ناووكى بكشێته‌وه‌، ئه‌وا په‌شيمانييه‌كى مێژوويى ده‌چێژێت".

گوتيشى: "ئێران له‌ باره‌ى دووباره‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى پرۆگرامه‌ وه‌ستاوه‌كه‌ى له‌ بوارى وزه‌ى ناووكى ده‌خاته‌وه‌ به‌ر باس و لێكۆڵينه‌وه‌".

هه‌روه‌ها گوتى: "هه‌رگيز دانووستان له‌ باره‌ى تواناى مووشه‌كى ئێران و هه‌ژموونى هه‌رێمايه‌تيى وڵاته‌كه‌مان ناكه‌ين".

رووحانى له‌ رێى كه‌ناڵه‌ ره‌سمييه‌كانى ئێرانه‌وه‌ ئه‌وه‌شى گوت: "وڵاته‌كه‌مان پابه‌ندى هه‌موو رێسا و ياساكان بووه‌. به‌ڵام با ئه‌وروپا و ئه‌مريكا و هه‌موو جيهان له‌ خۆرهه‌ڵات و خۆرئاواوه‌ باش بزانن، ئێمه‌ هه‌رگيز دانووستان له‌باره‌ى چه‌ك و به‌رگرى وڵاته‌كه‌مان له‌گه‌ڵ كه‌س ناكه‌ين و بڕيارى ئێران به‌رگريكردنه‌ له‌ خودى خۆى و كارى به‌سه‌ر كه‌سى ديكه‌وه‌ نييه‌".

سه‌رۆك وه‌زيرانى ئيسرائيل، (بنيامين ناتانياهۆ) به‌رده‌وامه‌ له‌ شه‌ڕى خۆى له‌ دژى ئێران و تا ئێستا هيچ به‌ڵگه‌يه‌ك له‌ به‌رده‌ستدا نييه‌ بيسه‌لمێنێت هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ى (ناتانياهۆ) بۆچوونى رێبه‌ره‌ ئه‌وروپاييه‌كانى له‌ باره‌ى رێككه‌وتنى ناووكييه‌وه‌ گۆڕى بێت، چونكه‌ ئه‌وان به‌رده‌وام فشار ده‌خه‌نه‌ سه‌ر (تره‌مپ) بۆ ئه‌وه‌ى له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ نه‌كشێته‌وه‌.

ژماره‌يه‌ك له‌ شاره‌زايان و له‌ ناويشياندا به‌رپرسى ئه‌منى ئيسرائيل هه‌ن، له‌و بڕوايه‌دان "سه‌ره‌ڕاى بوونى هه‌ڵه‌ له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌، به‌ڵام بوونى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ باشتره‌ له‌ نه‌بوونى و داواشيان له‌ حكومه‌تى ئيسرائيل كردووه‌، سزا سه‌پاندنى سه‌ر ئێران پێويسته‌ ته‌نيا بۆ بوارى وزه‌ى ناووكى نه‌بێت، به‌ڵكو بۆ رێگه‌گرتن بێت له‌ هه‌ژموونى ئێران له‌ وڵاتانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست".

به‌رپرسێكى هه‌واڵگرى ئيسرائيل، به‌ مه‌رجى ئه‌وه‌ى ناوى نه‌هێنرێت، به‌ رۆژنامه‌نووسانى راگه‌ياند، "ئه‌وه‌ى راگه‌يه‌ندراوه‌ له‌ باره‌ى به‌ڵگه‌نامه‌ نهێنييه‌كانى ئێران ته‌نيا به‌شێكى كه‌مه‌ و له‌ سه‌دا 99ى به‌ڵگه‌نامه‌كان بۆ ئيسرائيل تازه‌ بوونه‌ به‌ تايبه‌تى ئه‌وانه‌يان كه‌ په‌يوه‌نديدار بوونه‌ به‌ چه‌ندێتى و چۆنێتى پرۆگرامى ناووكى ئێران".

سه‌رچاوه‌: رووسياليه‌وم، عربى بوست

ئ.ڕ