رزگاربووێك رووداوهكهی شاری یاری ماجیدی لاند دهگێڕێتهوه
K24 - ههولێر:
دوێنێ شەو رووداوێكی كارەساتبار لە شاری یاری ماجيدی لاندی ھەولێر روویدا، بە ھۆیەوە سێ كەس كە لەوكاتە خەریكی یاری (سكەتول مەوت) بوونە گیانیان لەدەستدا و دوو كەسی دیكەش برینداربوون. رووداوهكهش بههۆی ئەوەی (سكەتول مەوتەكە) خۆی بە بهرزكهرهوه (كرێن)ێكدا كێشاوە, كه به مهبهستی چاككردنەوەی گڵۆپەكانی یاريیەكە لهوێ بووە.
كوردستان 24 (ئاڵا زوبێر) دەدوێنێت كه رزگاربووێكی رووداوەكەیە، ئاڵا بە گەرووی وشكەوە دەڵێت: "بە كارمەندەكەمان گوت بمانبەستەوە تێستی بكە بزانە تەواوه، بەڵام لەبەر تەلەفۆن ئاگای لێمان نەبووه".
دیمەنی شەوی كارەساتەكەی ھێشتا بە بەرچاویەوە دەچێت و دێت، گەرووی وشكە و قسە بەحاڵ لەدەمی دەردەچێت، ھەندێ جار وشەكان دووبارە دەكاتەوە, تا پێمانبڵێ, ئەوەی ئەو بە چاوەكانی خۆی بینی ئەستەمە كەس بتوانێت بیبینێت.
ئەوان كاتێك چوونە نێوشاری یاريیەكە پێنج كەس بوون, بەڵام تەنیا خۆیی و خوشكەكەی بە زیندوویی ھاتنە دەرەوە, با لەو ببیستین رووداوەكە چۆن بووە.
شاری یاری ماجدی لاند، یاری رێگای مەرگ سێ كەسی بەرەو مەرگ بردن و نەیھێنانەوە، شوفێری ئۆتۆمبێلی كرێن دوای كاری چاككردنەوە، سەلەی نەفەر ھەڵگرەكە بەسەر یاریيەكەوە ئاودیوی پشتەوە دەكات، كارمەندی ئیشپێكەر لە وەستانی كرێنەكە لەم شوێنە بێ ئاگایە، یاریيەكە بۆ خانەوادەكە دەخاتە كار، ھێندە نابات بەھۆی بهركهوتن بە كرێنەكە ھەریەكە لە (زانا زوبێر جەمیل) و (سیما عەلی جەمیل) كە ئامۆزان لەگەڵ (شەیما ئەسعەد)ی كچە پووریان كە ھەرسێكیان تاقانەن, گیان لەدەست دەدەن، (ئالا و كانی)ش كە خوشكی زانان بریندار دەبن.
زوبێر جەمیل, كوڕ و برازا و خوشكەزایەكی لەدەستداوە، دوو كچیشی بریندارن، بەڵام وەك كێوێكی ناخ پر لە گڕكان وایە, لە ناخەوە دەكوڵێت و نایخاتە دەرەوە.
بەھۆی ئەو رووداوە سێ كەس دهستگیركراون، دووانییان توركن و یهكێكیشیان خەڵكی ھەولێرە، پەڕاوی لێكۆڵینەوەشیان بۆ كراوەتەوە.
تەمەنی قوربانیان لەنێوان 12 بۆ 18 ساڵ دەبێت، ئەوان بۆ بەسەربردنی شەوێكی خۆش دەرچووبوون، بەڵام كاتی تەمەنی سێ كەسیان لەوێ كۆتاییھات و تەمەنی دووانەكەی دیكەشی بەدەم یادەوەرییەكی سامناك و كارەساتەوە درێژە پێدا.
ا. م