سعوودییه خۆی رۆشنبیر دهكات
K24 - ههولێر:
حکوومەتی سعودیە بۆیەکەمینجار لە مێژووی وڵاتەکەدا، وەزارتێک بە ناوی وەزارەتی رۆشنبیری دادهمهزرێنێ و شازادە بەدر بن عبدوڵڵا بن فەرحان ئەل سعوود دهكاته وهزیری رۆشنبیریی.
بە گوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)، ئەو شازادەیە بەکڕینی تابلۆی (جیزسس- مەسیح)ـی هونەرمەند لیۆناردۆ داڤینچی بە بڕی 450 ملیۆن دۆلار، بووە یەکەم کەس لە جیهان ئەو بڕە پارە زۆرە لە مەزادی کڕینی تابلۆکان خەرج بکات.
پێشتر شازادە سعوودییهكه چەندین رۆڵی جیاوازی سیاسی هەبووە و بە کەسێکی میانڕەوی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناسراوە.
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ دەزگای میدیای (عەرەب نیوز) لە ساڵی 2012، شازادە بهدر بۆچوونی خۆی لەسەر چەند پرسێکی کۆمەڵایەتی دەربڕی و ئاشکرای کرد: " من دژی بۆچوونە زۆر توندەکانی سەر تێکەڵی ژن و پیاوم. دەبێت ژن و پیاو لەژێر چەند مەرجێک تێکەڵ بکرێن. هەروەها دەبێت رێگا بە ژنان بدرێت لە دوکانی فرۆشتنی کەلوپەلی جوانکاریی کار بکەن".
کردنەوەی وەزارەتی رۆشنبیری لەکاتێکدایە، سعودیە بەرەو زیاتر کرانەوەی کۆمەڵایەتی دەڕوات. پێشتر ژنان لە زۆرێک له کایە کۆمەڵایەتیەکان بێبەش کرابوون، بەڵام لە ماوەکانی رابردوودا ئەو وڵاتە رێگای بۆ ژنان کردەوە کە کاری شۆفێری بکەن و بچنە سینەما و یاریگاکانیش.