چوار مانگ پێش دەستپێکردنی جامی جیهانی دزرا کەچی سەگێک دۆزییەوە

سەگەکە لە یاریی کۆتایی مۆندیالەکە خەڵاتکرا بەڵام ساڵێک دواتر گیانی لەدەست دا

لە مێژووی یارییەکانی مۆندیال کە 88 ساڵە بەردەوامە، کۆمەڵێک چیرۆکی سەیروسەمەرە هەن هەرکاتێک یارییەکانی مۆندیال نزیک دەبنەوە زیاتر دێنەوە بەرباس و بەرگوێ دەکەون، لە گۆشەی (سەیروسەمەرەکانی مۆندیال) بە سەرنجڕاکێشترین و دیاترین ئەو چیرۆکانەتان ئاشنا دەکەین کە لەوانەیە لە یەکەم بیستندا باوەڕ نەکرێن..

 

چوار مانگ پێش دەستپێکردنی جامی جیهانی دزرا کەچی سەگێک دۆزییەوە

پێش ئەوەی مۆندیالی 1966 دەستپێبکات سەرپەرشتیارانی مۆندیالەکە رووبەڕووی دۆخێکی نەخوازراو بوونەوە، کاتێک رۆژی 20ی مارسی 1966 چوار مانگ پێش ئەوەی مۆندیالەکە دەستپێبکات، لە کاتی نمایشکردنی جامی جیهانی (ئەوکات جامی جۆل ریمێی پێدەگوترا) دزرا و پۆلیس نەیتوانی هیچ شوێنپەنجەیەکی دزەکان بدۆزێتەوە و لە دۆزینەوەی جامی جیهانی بێ ئومێد بوون.

لە کاتی نمایشکردنی جامی جیهانی لە هۆلی ستانلی جیبۆنز لە وێستمینتسەر، سەرەڕای ئەوەی لە رووی ئەمنییەوە شوێنێکی یەکجار تووندە، چونکە لە پەرلەمانی ئینگڵاند نزیکە، کەچی جامی جیهانی دزرا، بێ ئەوەی دزەکان هیچ شوێنپێیەک یان شوێنپەنجەیەک لە دوای خۆیان بەجێبهێڵن و ئەم هەواڵە بووە بابەتی گەرمی سەرجەم میدیاکانی بەریتانیا و جیهان.

دوای هەفتەیەک لە دزرانی جامی جیهانی، سەرۆکی ئەوکاتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگڵاند نامەیەکی بۆ هاتبوو تیایدا دزەکە داوای 15 هەزار پاوەندی کردبوو لە بەرامبەر گێڕانەوەی جامی جیهانییەکە، کەچی پیکلێز کە سەگێکی رەش و سپی بوو لەلایەن داڤید کۆربێتەوە خاوەندارییەتی دەکرا، لە نزیک ماڵەکەیان دۆزییەوە، جامەکە لەناو رۆژنامەیەک بە بەنێک بەسترابوو.

پیکلێز کە لە ساڵی 1962 لەدایکببوو بووە رەمزێکی نەتەوەیی بەریتانییەکان چونکە ئینگلیزەکان لە دۆخێکی ناخۆش دەربازکرد کە یەکەمجار بوو ئینگلاند میوانداریی مۆندیال بکات، لە یاریی کۆتایی مۆندیالەکەش کە ئینگڵاند 4-2 لە ئەڵمانیای رۆژئاوای بردەوە، سەگی پیکلێز ئامادەی یارییەکە بوو، شوێنێکی تایبەت و VIP بۆ تەرخانکرابوو، بەڵام دوای 12 مانگ سەگەکە گیانی لەدەست دا و لە مۆزەخانەی تۆپی پێی ئینگڵاند پەیکەرێکی بۆ دروستکرا و تاکو ئێستا لە مۆزەخانەکە هەیە.