سبەی بەرنامەیەکی تایبەتی کوردستان24 لەبارەی مۆندیال دەستپێدەکات

رۆژانە کاتژمێر 14:00 بەرنامەکە بە میوانداریی شرۆڤەکاری تایبەت پێشکەش دەکرێت

سبەی بەرنامەیەکی تایبەتی کوردستان24 لەبارەی مۆندیالی 2018 دەستپێدەکات و بەرنامەکە تاکو دوای مۆندیال بەردەوام دەبێت.

سبەی دووشەممە کاتژمێر 02:00ی دوای نیوەڕۆ یەکەم ئەڵقەی بەرنامەی (مۆندیالی 2018) لە کوردستان24 پێشکەش دەکرێت و بەرنامەکە تیشک دەخاتە سەر لایەنە جیاوازەکانی مۆندیال، کە گەورەترین بۆنەی وەرزشیی جیهانە و چوار ساڵ جارێک هەموو جیهان لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە و ماوەی هەر ئەڵقەیەکی بەرنامەکە 55 خولەک دەبێت.

ستۆدیۆیەکی تایبەت بە بەرنامەی (مۆندیالی2018) ئامادەکراوە و رۆژانە بە گرافیک و راپۆرت و راستەوخۆ وەرگرتنی پەیامنێری کوردستان24 لە رووسیا و سەرجەم وڵاتانی جیهان دوایین هەواڵ و زانیارییەکان بۆ هەوادارانی مۆندیال پێشکەش دەکرێت، جگە لە راپۆرتی رۆژانە و گەیاندنی نوێترین زانیاری و هەواڵەکان، بەرنامەی (مۆندیالی 2018) لە رووی ئابووری و هونەرییەوە رۆژانە راپۆرت و فیچەر و گرافیکی جیاوازتان پێشکەش دەکات و لە دیدی جیاوازەوە باسی مۆندیالتان بۆ دەکات.

بەرنامەی مۆندیالی 2018 لە رۆژی 11/6 تاکو 16/7 بەردەوام دەبێت
بەرنامەی مۆندیالی 2018 لە رۆژی 11/6 تاکو 16/7 بەردەوام دەبێت

بۆیەکەمجار لە میدیا کوردی کوردستان24 شرۆڤەکاری تایبەتی بۆ یارییەکانی مۆندیالی2018 دابینکردووە و پێنج شرۆڤەکاری بەناوبانگی کوردستان رۆژانە لە بەرنامەی (مۆندیالی 2018) شرۆڤەی یارییەکانی مۆندیالی رووسیا دەکەن، جگە لەم پێنج شرۆڤەکارە تایبەتە رۆژانە لە (ئەمڕۆی وەرزش) رۆژنامەنووس و شرۆڤەکاری دیکەش شرۆڤەی خۆیان دەبێت.

شرۆڤەکارانی تایبەتی کوردستان24 بۆ یارییەکانی مۆندیال بریتی دەبن لە (جەلال پەرێشان، کۆمێنتاری بەناوبانگی تۆپی پێ - سەمیر بابۆ، راھێنەری یانەی پێشمەرگەی ھەولێر - چێنەر عەبدولقادر، رۆژنامەنووسی وەرزشی - ئامانج مەحموود، راھێنەری یانەی برووسک و ماستەر لە تۆپی پێ - تەھا قادر، یاریدەدەری راھێنەری یانەی ھەولێر و دکتۆرا لە تۆپی پێ)

شرۆڤەکارانی تایبەتی کوردستان24 بۆ یارییەکانی مۆندیال
شرۆڤەکارانی تایبەتی کوردستان24 بۆ یارییەکانی مۆندیال

ئەمە یەکەمجار نییە کوردستان24 بەرنامەی تایبەتی بە رووماڵکردنی پاڵەوانێتییەکی وەرزشی دەبێت، دوو ساڵ لەمەوبەر بۆ ماوەی 38 ئەڵقە بەرنامەیەکی تایبەتی بە رووماڵکردنی یۆرۆی 2016 و کۆپا ئامێریکای 2016 هەبوو، بەرنامەکە دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو، دوو وەرزیشە لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی خولەکانی کوردستان بەرنامەی (گێمی سێیەم) پێشکەش دەکرێت.

رۆژانە جگە لە بەرنامەی (مۆندیالی 2018) هەواڵە وەرزشییەکان لە کوردستان24 بەردەوام دەبن و کاتژمێر 09:30ی بەیانی، 11:30ی بەیانی، 04:30ی عەسر، 07:30ی ئێوارە و 12:30ی شەو لە پێنج گەشتی هەواڵە وەرزشییەکاندا نوێترین و گەرمترین هەواڵ و زانیارییەکانی مۆندیالتان بۆ دەگوازینەوە.