وڵاتانی رۆژئاوا داعشه‌كانیان سزا نادەن

نایانەوێت هاوڵاتیانیان لە سووریا و عێراق بگەڕینەوە

K24 - هه‌ولێر:

بە پاساوی دیموکراسی و یاساکانی تایبەت بەخۆیان، رۆژئاوا لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو هاوڵاتییانەی ناکات کە بۆ "جیهاد" دەچنە عێراق و سووریا.  

هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) کە یەپەگە سەرۆکایەتییەکان دەکات و ئەمەریکا پشتگیریان دەکات، هاوڵاتییەکی ئەمەریکی بە تۆمەتی داعش بوونی دەستگیردەکەن.

ئیبراهیم موسەیبی، هاوڵاتییەکی ئەمەریکییە و لە نزیک دۆڵی رووباری فوڕات لە سووریا لە لایەن هێزەکانی هەسەدە دەستگیراوە، لە ئێستاشدا بە مەبەستی سزادانی هەوڵدەدرێت ئیبراهیم رەوانەی ئەمەریکا بکرێتەوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی، سزادانی ئەو هاوڵاتییەی ئەمەریکا بەتۆمەتی ئەندام بوونی لە رێکخراوی داعش، تاقیکردنەوەیەکە بۆ یاساکانی ئەمەریکا بەوەی چەند دەتوانن سزای لەسێدارەدان بەسەر تۆمەتبارێکی وەهادا بسەپێنن.

پێشتر هاوڵاتییەکی دیکەی ئەمەریکی بەتۆمەتی پشتگیریکردن لە داعش لە لایەن هەسەدەوە دەستگیرکرابوو، بەڵام بە پاساوی نەبوونی بەڵگەی پێویست، دادگای ئەمەریکا رەتی کردەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا بسەپێنێت.

لە بەدواداچوونێکیدا، زانکۆی جۆرج واشنتن لە ئەمەریکا ئاشکرای کردووە، 71 هاوڵاتی ئەمەریکی بۆ جیهاد چوونەتە عێراق و سووریا، چارەنووسی 24 لەم هاوڵاتیانەی ئەمەریکا کوژران بووە، 29 کەسیان هەواڵیان نازاندرێت و 18 دیکەش گەڕاونەتەوە ئەمەریکا.

ئەوەی بۆتە کێشە بۆ وڵاتانی رۆژئاوا ئەوەیە، سزادانی ئەو کەسانەی تۆمەتی تیرۆریان بەسەردا دەسەپێت پێویستی بە یاسا و سزای توند هەیە، بەڵام ئەو وڵاتە دیموکراسییانە یاساگەلێکی هاوشێوەیان نییە.

لە کەنەدا، کەسێک هێرشیکردە سەر پۆلیسێکی فرۆکەخانە، بەڵام نەتوانرا هیچ تۆمەتێکی بەسەردا ساخبکەنەوە، لەکاتێکدا ئەو کەسە بە ئاشکرا لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاشکرای کردبوو، ئەو کار بۆ میلیشیاکانی داعش دەکات.

ئەمەش وایکردووە، وڵاتانی رۆژئاوا خۆیان بێبەری بکەن لە هاوڵاتییەکانیان کاتێک تۆمەتی تیرۆریان بەسەردا دەسەپێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زۆرجاریش بە پاساوی نەبوونی بەڵگە، گومانلێکراوان لەناو وڵاتەکانی خۆشیان دەستگیرناکەن.

H.J