بەسرەییه‌كان هەرێمی سەربەخۆیان ده‌وێ

"دەیانەوێت هاوشێوەی هەرێمی کوردستان بێت و ئاڵایان بۆ دروستکردووە"

K24 - هه‌ولێر:

بەشێک لە هاوڵاتیانی شاری بەسرە، واژۆ کۆدەکەنەوە بۆ بە هەرێمکردنی پارێزگاکەیان بەجۆرێک هاوشێوەی هەرێمی کوردستان بێت.

ماوەیەکە خۆپیشاندانەکانی بەسرە دەستیپێکردووە و هاوڵاتیانی ئەو پارێزگایەی عێراق داوای چاکسازی و نەمانی گەندەڵی دەکەن، لە نوێترین داوایاندا، بەشێک لە خەڵکی ناڕازی شارەکە ئاڵای هەرێمی بەسرەیان بەرزکردۆتەوە و داوای "هەرێمی فیدڕاڵی بەسرە دەکەن".

موستەفا حەبیب، رۆژنامەنووسی عێراقی، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لەگەڵ بڵاوکردنەوەی چەند وێنەیەکی ئاڵاکە نووسیویەتی: "خەڵکی بەسرە واژۆ بۆ دروستکردنی هەرێمی فیدرالی بەسرە، هاوشێوەی هەرێمی کوردستان کۆدەکەنەوە".

بەسر زۆرترین سامانی نەوتی لە عێراق هەیە، هاوڵاتیانیشی لەرێگای دروستکردنی ئەو هەرێمە دەیانەوێت سامانەکەیان بۆ خۆیان بگەڕێتەوە.

لە ساڵی 2008، وایل عەبدول لەتیف، پەڕلەمانتاری سەربەخۆ کە لەلایەن بەشێک لە خێڵەکانی بەسره‌ پشتگیری دەکرا، 34  هەزار و 800  واژۆی بۆ بە هەرێمکردنی بەسره‌ کۆکردەوە، بەڵام لە لایەن حزبی دەعوا و زۆرێک لە پارتە سیاسییەکانی دیکە رەتکرایەوە.

ئێستا جارێکی دیکە، بەشێک لە هاوڵاتیانی بەسره‌، لەسەربانی ماڵەکانیان، ئاڵای هەرێمی بەسڕە بەرزدەکەنەوە و داوا دەکەن نەوت و سامانی شارەکەیان بەشێوەیەکی ناڕوون بۆ بەشەکانی دیکەی عێراق نەڕوا، بەڵکو خزمەتی شارەکەی پێبکرێت.

H.J