خۆپیشاندهره عێراقییهكان: تەنها بە لاكهوتنی ئهو دەسەڵاته دەوەستين
K24 – بهغدا:
خۆپێشاندانی خەڵكی ناڕازی ناوەڕاست و باشووری عێراق, دوای راگەیاندنی ئهنجامى بەدەست هەژماردنی دەنگەکان دەستیپێکردەوە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، هیچ متمانەیان بە کۆميسیۆن و حکوومەتی عێراقی و دەسەڵاتدارانی عێراق نەماوە، دەشڵین کۆمسیۆن سەر بە پارتە گەندەڵ و ستەمکارەکانە.
رێکخەرانی خۆپێشاندانەکان باس لهوه دهكهن، ئەوان لەگەڵ رێکخەری تەواوی پارێزگەکانی دیكه کۆدەبنەوە بۆ یەکخستنی کات و ئامانجی خۆپێشاندان.
خۆپێشاندانی هاووڵاتیان لەسەرتاسەری پارێزگاكانى باشوور و ناوەڕاستی عێراق بەردەوامە، خۆپێشاندەران دووپاتی دەکەنەوە، متمانەیان بە حکوومەت و بەڵێنەکانی دەسەڵاتدارانی ئێستایان نەماوە، داواش دەکەن گۆڕانكارى بە سەر تەواوی پەیڕەوی فەرمانڕەوایی عێراق بکرێت.
یهكێك له خۆپیشاندهران دهڵێت: "هەفتەی رابردوو کۆبووینەوە و باسمان لە پێویستی بەردەوامی خۆپێشاندان کرد، بەڵام لەبەر بێهیوایی خەڵك لە دەسەڵاتداران، لە بەسڕە و موسەنا، خەڵكی دەڵین بە شێوازی تر ناڕەزایەتی دەکەن. ئێمە بەردەوام دەبین تا دەتوانین گۆڕانی ریشەیی ببینین و چاکسازی بۆ وڵات بگەڕینینەوە."
ئاشکراکردنی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن دوای بەدەست ژماردنەوەی دەنگەکان، کۆتایی بە ناڕەزایەتییەکان نەهێناوە، ئەوان باس لەوە دەکەن ئەو دەرەنجامانە دەریدەخەن، دەسەڵاتداران لەوانەی بەگەندەڵ ناویان بردن، باڵا دەستن بەسەر حکوومەت و دامەزراوەکان. بەڵینیش دەدەن بەردەوام بن لەسەر ناڕەزایەتییەکانیان تا دەتوانن گۆڕانی ریشەیی ببینن.
یهكێك له ژنه خۆپیشاندهرهكان دهڵێت: "من دەمەوێت پەیامێک ئاراستەی کۆمسیۆن بکەم، ئێمە زۆرینە بەشدار نەبووین، چونکە داوای گۆڕێنی کۆميسیۆنی سەر بە پارتەکانمان دەکرد، چۆن دەکرێت، زیاتر لە 8 ههزار سندووق بسووتێت و دەنگەکان هاوسەنگ بن؟! ئایا سندووقی ترتان هێنا بۆیە دەڵێن هاوسەنگيیەکە 100%؟ بۆیە پێموایە کۆمسیۆنی گەندەڵ و سەر بە حزب خۆیان سندووقەکانیان پڕکردوونەتەوە. دەمانەوێت گۆڕانکاری ببینین و بەردەوام دەبین."
رێکخەرانی خۆپێشاندانەکانی بەغدا باس لەوە دەکەن، بەردەوام دەبن لە خۆپێشاندان و لەگەڵ چالاکوان و رێکخەری خۆپێشاندانی تەواوی پارێزگا عێراقییەکان کۆدەبنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن دەنگ و پلان و کات و شوێن و ئامانجەکانی خۆپێشاندانەکان یەک بخەن.
ئەوان دەشڵێن، خۆپێشاندان خزمەتگوزاریيە سەرەتاییەکانی رەت کردووە، ئەوان تەنها بەگۆڕانی رژێمی دەسەڵات دەوەستن و هیوایان بەم فەرمانڕەوایانەی ئێستا نەماوە.