جێنشینی ئیمارات نامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی سه‌رۆك بارزانی ده‌كات

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە كونسوڵی گشتیی ئیمارات ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

شێخ محەمەد بن زاید ئال نهیان جێنشینی ئیمارات، له‌ رێگه‌ی كونسوڵی گشتی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌ولێر نامه‌یه‌كی تایبه‌ت ئاراسته‌ی سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی ده‌كات.

به‌گوێره‌ی هه‌واڵێك كه‌ له‌ پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ڕۆژی 18/8/2018 سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ڕاشد ئەلمەنسوور كونسوڵی گشتیی ئیمارات لە هەولێر كردووه‌. لەدیدارەكەدا كونسوڵی گشتیی ئیماراتی عەرەبیی یەكگرتوو نامەیەكی تایبەتی شێخ محەمەد بن زاید ئال نهیان جێنشینی ئیماراتی بە سەرۆك بارزانی گەیاند.

سەرۆك بارزانیش وێڕای سوپاسگوزاری بۆ جێنشینی ئیمارات و كونسوڵی گشتیی ئیمارات، دەستخۆشی لە كار و چالاكییە خێرخوازییەكانی دەوڵەتی ئیماراتی كرد لە یارمەتیدانی ئاوارە و پەنابەران لە عێراق و كوردستان.

هەروەها جەختیشی لە دۆستایەتی و بەردەوامیی پەیوەندی لەنێوان هەردوولا كردەوە.