هەڵبژاردن کێشەکانی نێوان یەکێتی و گۆڕان قوڵتر دەکاتەوە

گۆڕان: بە زەبری چەك و ھێز ساختەكاری زۆریان كردووە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

ئەنجامە نافەرمییەکانی ھەڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان ململانێیه‌كی دیكەی له‌ نێوان دوو ھێزە سەرەکییەکەی پارێزگای سلێمانی یەکێتی و گۆڕان دروستکرد، یەکێتی دەڵێت، بەشێك لە لایەنەکان بە نیازن گەلەکۆمە لە یەکێتی بکەن. گۆڕانیش پێوایە، کێ ساختەکاری کردووە لە دەنگەکانی دەترسێت.

ھێشتا ئەو ناکۆکییەی شەوی 12ی ئایاری ئەمساڵ لە نێوان گۆڕان و یەکێتی لە سەر ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی عێراق دروستبوو، کاڵنەبووەتەوە خەریکە ئەنجامی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش دەچێتە سەر خەرمانی ناکۆییەکانی ئەو دوولایەنە، راوێژکاری یاسایی یەكێتی داوا لە لایەنەکان دەکات بەڕێزەوە ئەنجامی ھەڵبژاردن قبووڵ بکەن و لە قسەکانیشدا باسی لەوەکرد ھەندێك لایەن دەیانەوێت گەلە کۆمەکی لە یەکێتی بکەن.

سمکۆ ئەسعەد، راوێژکاری یاسایی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە گۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "بە گوێرەی زانیارییەكانی ئێمە رێككەوتنێكی ژێربەژێرلەنێوان ھەندێك لایەن ھەیە، كە دەنگی خەڵكی سلێمانی بگۆڕدرێ بۆ لایەنێكی دیكە".

ئەگەر قسەکانی یەکێتی ھەمووی رووی لە گۆڕان نەبێت ئەوا بەشێکی زۆری بۆ گۆڕانە، سەركردەكانی گۆڕانیش دەڵێن، لەوە دەترسن ئەو ئەنجامە خوارانەی، کە بەزەبری ھێزو ساختەکاری بە دەستیان ھێناوە کۆمسیۆن راستی بکاتەوە.

رەوەز ھەڵکەوت، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێ: "ئاشكرایە لە سلێمانی كێ بە زەبری چەك و ھێز ساختەكاری زۆری كردووە، سكاڵامان لەسەر كۆمەڵێك سندووق تۆمار كردووە، داوامان كردووە ئەنجامەكان راست بكرێنەوە و دەنگ و ئیرادەی ھاووڵاتییان نەدزرێ".

گوتیشی: "ئەوانەی باسی رێككەوتن دەكەن، ئەوە خۆیانن فێری سەفاقاتی سیاسییان كردووە و دەنگی خەڵكیان دزیووە، لە خۆیانەوە دەڕوانە خەڵكی دیكە".

پاش کۆتایی ھاتنی پڕۆسەی دەنگدانی گشتی، یەکێتی نیشتیمانی لە رێگەی وتەبێژەکەیەوە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکەیان رەتکردەوە و گۆڕانیش خۆی وەك یەکێك لە براوەکان نیشاندا، بەڵام دواتر پێچەوانە بوویەوەو یەکێتی ئاھەنگی سەرکەوتنی گێراو گۆڕانیش لە سنووری سلێمانی، یەکێتی بە ساختەکاری و بە کارھێنانی ھێز تۆمەتبار ده‌كات.