هەولێر بە پێنجەم ئارامترین شاری جیهان دەستنیشانکرا

گەشتیاران هەولێر بە یەکێک لە ئارامترین شارەکانی جیهان هەڵدەبژێرن

K24 – هه‌ولێر:

بەگوێرەی نوێترین ریزبەندی جیهانی، شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان پێنجەم ئارامترین شاری جیهانە.

نۆمبیۆ گەورەترین داتابەیسە کە تیایدا بۆچوونی گەشتیاران لەسەر شارەکانی جیهان بڵاودەکاتەوە، بۆ ئەوەش دەبێت گەشتیاران لە کاتی سەردانکردنی شارەکان، رەچاوی تاوان، ژینگە، تێچووی ژیان، رەوشی تەندروستی و رێگاوبان بکەن.

پێگەی ئەلیکترۆنی دەیلی میڵ بە سوودوەرگرتن لە داتاکانی نۆمبیۆ، ریزبەنی 10 ئارامترین شاری جیهان بڵاودەکاتەوە و وەک ئەو پێگەیەش لە راپۆرتێکیدا نووسیویەتی: "سەرسام دەبن بەوەی چەند شارێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ریزی 10 ئارامترین شارەکانی جیهانن".

ریزبەندی 10 ئارامترین شاری جیهان:

یەکەم: ئەبو زەبی، ئیمارات

ئارامترین شار لە جیهان ئەبوزەبییە لەکاتێکدا لەکۆی یەک ملیۆن دانیشتووی ئەو شارە، تەنها 420 هەزار کەس خەڵکی وڵاتەکەن. ئەو شارە جیا لە ئارامییەکەی بە یەکێک لەو دەوڵەمەندترین شارەکانی جیهان دادەنرێت.

دووەم: دەوحە، قەتەر

ئەگەرچی پەیوەندی دیپلۆماسی قەتەر لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی لەم چەند ساڵەی رابردوو زۆر خراپبووە، بەڵام هێشتا شاری دەوحە، شارێکی تەواو ئارامە و گەشتیاران لێی رازین.

سێیەم: ئۆساکا، ژاپۆن

ساڵی پار ئۆساکا لە ریزبەندی 14 بوو، بەڵام ئەمساڵ ئەو شارە هاتۆتە پلەی سێیەم ئەمەش لەبەر ئەوەی بەرپرسانی شارەکە گرنگی زیاتریان داوە بە پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزار لە بوارەکانی خواردن، خواردنەوە و ژیانی شەوانە.

چوارەم: کوبێک، کەنەدا

یەکێکە لەو شارە دەگمەنانەی کە پڕە لە جوانی و رۆمانسییەت و خاوەنی چەندین شوێنەواری گرنگە کە لەلایەن رێکخراوی یونسکۆ تۆمارکراوە. جیا لە جوانی و دڵڕفێنییەکەی، ئەو شارە بە یەکێک شارە ئارامەکان دادەنرێت و جێگای ئاسوودەیی گەشتیارانە.

پێنجەم: هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق

بەداخەوە گشتگیرکردن و هەواڵە میدیایەکان وایان لە خەڵک کردووە کە لایان سەیر بێت شارێک لە عێراق ئەم ریزبەندییەی هەبێت، بەڵام هەولێر توانیویەتی ریزبەندی پێنجەم بۆخۆی دەستەبەر بکات و ئارامییەکەی ببێتە جێگای ئاسوودەی و رەزامەندی خەڵک و گەشتیاران لە کاتێکدا ئەو شارە چەندین ئاین و پێکهاتەی جیاواز لەخۆ دەگرێت کە ئەمەش لە بازاڕ، باخچە، مزگەوت و مۆزەخانەکانی بەدیدەکرێت.

بەگوێرەی ریزبەندییەکە، لە دوای هەولێر، هەریەک لە شارەکانی سینگافورە، بازل- سویسڕا، تۆکیۆ- ژاپۆن، دوبەی- ئیمارات و میونشنی ئەڵمانیا بە پلەی شەشەم، حەوتەم، هەشتەم، نۆیەم و دەیەم دێن.

دەتوانی وردەکاری هەڵبژاردنی شارەکان لەم لینکە بزانی.

H.J