داوای دامه‌زراندنی دادگایه‌كی تایبه‌ت به‌ كه‌یسی رۆژنامه‌نووسان ده‌كرێت

له‌ماوه‌ی 6 مانگدا 36 حاڵه‌تی دژ به‌ رۆژنامه‌نووسان تۆماركراوه‌
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵەوە 22 حاڵەتی رێگری و 14 حاڵەتی ھەڕەشەكردن بەرامبەر رۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە، سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانیش بەبۆنەی رۆژی جیھانی دەربازنەبوونی تاوانباران لە سزا سیمینارێكی لەوبارەوە رێكخست و لە راسپاردەی كۆتایی سیمینارەكەدا داوای درووستكردنی دادگایەكی تایبەت بە دۆسیه‌ی رۆژنامەنووسان كرا.

له‌كاتێكدا رۆژنامه‌نووسان له‌ دەستگیرنەکردنی ئەو کەسانە نیگه‌رانن كه‌ تاوان دژی ئه‌وان ئه‌نجامده‌ده‌ن، ئومێد موحسین، نوێنەری ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، دادوەر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ هەموو ئەو کەسانە دەرکردووە کە تاوانیان دژ بە ڕۆژنامەنووسان ئەنجامداوە.

دوایین ڕاسپاردەی سیمینارەکەش داوای دامه‌زراندنی دادگایەکی تایبەت بە کەیسی ڕۆژنامەنووسان و پێکهێنانی لێژنەیەک لە نوێنەری سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی ڕۆشنبیری كرا، کە کاریان بەدواداچوونی کەیسەکانی تایبەت بە ڕۆژنامەنووسان بێت.

ئەمەش لە كاتێكدایە ماهیر ئیلیاس، رۆژنامەنووسی كوردستان24 لە شنگال، لە ماوەی 2 مانگدا دوو جار لەلایەن گەریلاكانی پەكەكە و چەكدارانی حەشدی شەعبییه‌وه‌ دەستگیركراوه‌ و ئازاردراوه‌، ئێستاش شەنگالی لێ قەدەغە كراوە.

لە ماوه‌ی ۱۰ ساڵی ڕابردوودا ۸۹۸ حاڵەتی پێشێلکاری لە ده‌ستگیركردن، ئه‌شكه‌نجه‌دان و ڕێگری بەرامبەر ۱٤٤۰ ڕۆژنامەنووسی هەردوو رەگەز ئەنجامدراوە، ۳٤۷ حاڵەت لە هەولێر، ۲۸٥ لە سلێمانی، ۱۰۷ لە دهۆک، ٥۹ لە کەرکوک و ۱۸ حاڵەت له‌ هەڵەبجە تۆمارکراون.

H.B