سێ چەكداری داعش لە باشووری كەركووك دەستگیر كران

بڕێك پارەیان پێ بووە

K24 - ھەولێر

سێ چەكداری داعش لە حەویجەی باشووری كەركووك دەستگیركران.

لە راگەیەنراوێكی میدیای ئەمنی سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراقدا ھاتووە، ھێزێكی دژە تیرۆری عێراق و دەزگای ھەواڵگری، توانیان لە بۆسەیەكدا 3 چەكداری داعش لە لەگەڕەكی شەعب لە شارۆچكەی حەویجەی باشووری كەركووك دەستگیر بكەن، دەستیش بەسەر چەكێكی بی كەی سی و دەمانچەیەك و بڕێك پارەدا گیراوە.

ئەمە لەكاتێكدایە كە داعش لە چەندین ناوچەی عێراق دەستی بە ھێرش و تەقینەوە كردووەتەوە و دوێنێش چەکدارانی داعش لە گەڕەکی سناعەی شاری کەرکووك هێرشیانکردە سەر هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی. چەند رۆژێك لەمەوبەریش لەھێرشێكی چەكدارانی داعش بۆ سەر ماڵی ئەفسەرێكی حەشدی ھۆزەكان، لە ناوچەیەكی رۆژئاوای شارۆچكەی گەرمەی پارێزگای ئەنبار، ئەفسەرەكە و 8 چەکدار كوژران و 3 كەسی دیكەش برینداربوون".