"زیاتر لە 2 ملیۆن و 800 ھەزار گەشتیار ھاتوونەتە كوردستان"

پێشبینی دەكرێت لە وەرزی زستان و سەری ساڵ رێژەیەكی زیاتری گەشتیار روو لە ھەرێمی كوردستان بكەن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ئامادەكاری تەواو كراوە لە پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان بە تایبەت ھەولێر بۆ پێشوازیكردن لە گەشتیاران لە وەرزی زستان و سەر ساڵی نوێی زایینی. دەستەی گەشتوگوزار پێشبینی دەكات، رێژەی گەشتیارانی وەرزی زستانی ئەمساڵ زیاتر بێت لە ساڵی پار.

نادر روستی، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "كە ساڵی 2018  زیاتر لە 2 ملیۆن و 800 ھەزار گەشتیار ھاتوونەتە كوردستان".

ریكخەرێكی گەشتیاری نێوان ھەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی عێراق ئەو موژدەیە دەدات كە رێژەیەكی زۆر گەشتیار ئامادەن، بۆ ھاتنە ناو كوردستان و ئامادە كاری و ھەماھەنگی تەواویش لەم بارەیەوە كراوە.

عەبدولرەزاق داود، رێكخەری گەشتیاری كوردستان و عێراق بە كوردستان24 گوت: "لە ساڵی 2016 و 2017 نزیکەی 6 ملیۆن گەشتیار لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، لە ساڵی 2018 ئەم ژمارەیە زۆر زیاتر بووە، پێشبینی دەکەم لە ساڵی 2019 رێژەکە زۆر بەرزببێتەوە".

گوتیشی: "پێویستە ئاماژە بۆ هۆکاری زیادبوونی رێژەی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان بکەین، لێرە خزمەتگوزاری زۆر باش هەیە بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، هەروەها کاك مەسعود و کاك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیران پاڵپشتی راستەوخۆی کەرتی گەشتیاری دەکەن".

ساڵی رابردوو بەھۆی بارودۆخی سیاسی تەنیا 55 ھەزار گەشتیار لەم وەرزەدا سەردانی كوردستانیان كردووە. گوتە بێژی دەستەی گەشتوگوزار ئەوە دەخاتەڕوو، بارودۆخی ئەمساڵ زۆر لە بارتر بۆ ھاتنی ئەو گەشتیاران و بارینی بەفر و كەش و ھەوای لە باری زستانیش دەرفەتێكە، ئەمەش بە قازانجی كوردستانە.

نادر روستی، گوتەبێژەی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی كوردستان دەڵێ: "چاوەڕێ دەكەین ئەمساڵ رێژەی ھاتنی گەشتیاران بەراورد بە ساڵی رابردوو دوو بەرامبەر بێت".

ساڵانە لە چەندین وەرزی جیا گەشتیار دێنە ھەرێمی كوردستان و ئامادەكارییەكانی تەواویش لە شوێنە گەشتیاری و ھۆتێل و چێشتخانەكان كراوە. بە پێی پێش بینیەكانیش ناوچە شاخاوییەكانی یەكەمین شوێن دەبێ بۆ ئەوە میوانداری گەشتیاران بكات لە وەرزی زستان و سەر ساڵی نوێ.

ھ.م