نهێنی دابه‌شكردنی كڵاوه خورییه‌كه‌ی داڤۆس چییه؟
K24- هەولێر:
نزیکەی 50 ساڵە، له کانوونی دووەمی هەموو ساڵێك، سەرکردە سیاسیی، ئابووری، خاوه‌ن كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كان و کەسایەتییە بەناوبانگەکان بۆ بەشداریکردن لە "کۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهان" لە شارۆچکەیه‌ك بە ناوی "داڤۆس" لە نێوان چیاکانی ئاڵپ لە سویسرا کۆدەبنەوە.
داڤۆس چییه؟
داڤوس ناو شارۆچکەیکە شوێنی بەفرە خليسكێنە و لە سەرەوەی چیاکانی ئاڵپ لە سویسرایە، شوێنێکە بۆ کۆبوونەوەی ساڵانی " كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهانی" دانراوه، ئەم کۆبوونەوەیه ئابوورییه گرنگه، بە ناوی ئەم شارە ناوبانگی دەرکردووە کە لە جیاتی " كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهان" پێ دەڵێن "داڤووس".
داڤۆس تەنها کۆنفرانسێکی ئابووری و بزنس نییە
"كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهانی" گرووپێکی ناحکوومی و ئەهلییە کە ئەرکێك بۆ بەرزکردنەوەی کوالیتی جیهانییان له ئه‌ستۆدایه.
كاری سەرەکی، ساڵانە کۆنفڕانسێکی فەرمییە و لەسەر هەموو بابەتێکی ئابووری جیهانی، تاکوو بەڕێوەبردن و کونتڕۆڵی دڵه‌راوكێ و ناڕەحەتی قسە دەکرێت.
زۆربەی بەشداربووان، ته‌نها بۆ کۆبوونەوەکان ناچنە داڤۆس، به‌ڵكو دەیانهەوێت پەیوەندی زیاتر لەگەڵ یەکدی درووست بكه‌ن، مانەوە لە شوێنیکی بچووك بۆ ماوەی 4 رۆژ لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکان و سیاسەتمەداران و رۆژنامەنووسان، دەرفەتێکی باشە بێ ئەوەی پێویستیان بە گه‌شتی دوورورێژ بێت، كۆبوونه‌وه‌كان له داڤۆس، ده‌كرێ ببنه هۆکارێك بۆ کاراکردنی کارەکان.
"کڵاوس شۆئاپ" ئابووریناسێکی ئەڵمانی و دامه‌زرێنه‌ی "كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهان"، لە ساڵی 1971 یەکەم کۆبوونەوەی ساڵانەی لە سەر بەڕیوەبردنی جیهان قسەی کرد، ئێستاش " كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهان" کاریگەریی زۆری هه‌یه، ئەگەرچی رخنەگەران زیاتر به شوێنێك بۆ گفتگۆکردن دەزانن تاکوو کارکردن، به‌ڵام داڤۆس دەرفەتێکی باشە بۆ سیاسەتمەداران پێکەوە لە شوێنێکی ئارام کۆببنەوە.
یەکەم دیداری دەسەڵاتدارانی کۆریای باکوور و باشوور لە ساڵی 1989 لە كۆڕبه‌ندی داڤۆس بوو، ساڵی رابردوو سەرۆکوەزیرانی یۆنان و مەكدۆنیا، کۆتای‌یان بە 27 ساڵ دژایەتیی نێوانییان هێنا.
تەنها کۆمپانیا بازرگانییەکان بۆ کۆبوونەوە پارە ئەدەن
ئەو کۆمپانییە بازرگانییانەی لە داڤۆس بەشداری دەکەن، دەبێت پارە بدەن، به‌ڵام میوانەکانی دیکە بێ بەرامبەرە، کۆمپانیاکان بۆ هەر كه‌سێك نزیکەی 23 هەزارو 800 یۆرۆ دەدەن، ئه‌مه‌ش هەموو خەرجییەکان نییە، به‌ڵكو بەشداربووان دەبێت ئەندامی كۆڕبه‌ندی ئابووری جیهان بن و بۆ ئەندامبوون هەر كه‌سێك لە نێوان 50 تا 500 هەزار یۆرۆیە، " ئەندامى ستراتيجى" دەبێت زۆرترین پارە بۆ بە ئەندامبوون بدات.
دابەشكردنی خەڵك بە رەنگى جياواز
هەمووجار قسە لەسەر نایه‌سكانی نێوان بەشداربووان هەیە، بەڵام بەشداربووەکان بە دابەشکردنی کارتی رەنگی جیاواز، ئەم جیاوازییە لە داڤۆس دروست دەکەن.
لەوانەیە شازادەی ویلیا‌م، نەوەی شاژنی بەریتانیا، یان سەرۆکوەزیری نیوزیلاند، یان کەسایەتییە بەناوبانگەکان لە داڤۆس بن، بەڵام قەت لە هەندێ شوێن نایانبینن، ئەو کەسانەی بەناوبانگن، کارتێکی سپی بە هۆلۆگرامێکی زێڕینیان هەیە، کە دەتوانن لە هەموو شوێنەکان بەشداربن.
بۆ هاوسەری بەشداربووان و رۆژنامەنووسەکانیش جیاوازە
خوارترین ئاست، کارتی هۆتێلە کە تەنها دەتوانی لە میوانییەکانی شەوانە بەشداری بکەیت، یان بۆ یاری خليسكێنە بڕۆن.
زۆربەی بەشداربووان پیاون
لە 49 ساڵی رابردوو، ژمارەی بەشداربووانی پیاو، هەمووجار لە ژنان زیاتر بووە، به‌ڵام وا دانراوه، ده‌بێت به‌رامبه‌ر هه‌ر چوار پێاو، ژنێكیش به‌شدار بێت، واتا نابێت له رێژه‌ی 25% كه‌متر بێت، لەراستیدا ئه‌وه‌ش پیاوسالاری بۆ دونیای سیاسەت و ئابووری نیشان دەدات.
کۆبوونەوەکە گەنجانە نییە
ناوەندی تەمەنی میوانانی داڤۆس بۆ پیاوان، 54 و بۆ ژنان 49 ساڵە، هەرچەندە گەنجترین بەشداربووی ئەمساڵ، "سکای میکەر"ه، كه گەنجێکی تەمەن 16 ساڵان و وێنەگەری سرووشت و خەڵکی ئەفریقای باشوورەو بەتەمەنترین بەشداربوویش " سێڕ د‌یڤید ئەتێنبورو" بەرهەمهێنەری دۆكیومێنتارییه، تەمەنی 92ساڵە و خەڵکی بەریتانیایە.
هەموو کەس ئارەزووی کڵاوە بێبەرامبەره خورییەکانی داڤۆسن
بەشداربووانی داڤووس، سیاسەتمەداران و دەسەڵاتداران و یان كه‌سانی سه‌رمایه‌دار و دەوڵەمەندن، کە داهاتیان ملیۆنان دۆلارە، بەڵام هەمووان هه‌وڵ بۆ وه‌رگرتنی كڵاوێكی خوری بێبه‌رامبه‌ر ده‌ده‌ن.
هەموو ساڵ کۆمپانیای بیمەی زیوریخ، کڵاوی خۆری، بە رەنگی شین بێبەرامبەر بە بەشداربووان وه‌ك دیارییه‌ك دابه‌ش ده‌كات، كڵاوه‌كان له شوێنێكی تایبه‌ت داده‌نرێن و هه‌موو بەشدابووان دەتوانن به‌بێ به‌رامبه‌ر کڵاوێك بۆخۆیان هەڵگرن.
سه‌رچاوه: BBC