گەندەڵییەكی دیكە لە كەرتی نەوتی عێراق ئاشكرا دەكرێت

"ساڵانە 130 ملیۆن دۆلار بە ھەدەردراوە"

K24 - ھەولێر

ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرایكرد، ساڵانە 130 ملیۆن دۆلار لە كەرتی نەوتی عێراق بەھەدەردراوە.

جەمال حەمداوی، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق بڵاویكردەوە، لە بەدواداچوونەكانیان بۆیان روونبووەتەوە كۆمپانیای گواستنەوەی عەرەبییە كە نەوتی عێراق دەگوازێتەوە، مانگانە 11 ملیۆن دۆلار داھاتی نەوتی عێراقی بەھەدەرداوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، كۆمپانیا عەرەبییەكە تایبەت بە گواستنەوەی نەوت، بەھۆی چەند گرێبەستێكی ساختەوە، ساڵانە 130 ملیۆن دۆلاری داھاتی گشتی عێراقی بەھەدەرداوە، بۆ ئەم مەبەستەش پێوسیتە وەزارەتی نەوتی عێراق و لایەنەكانی دیكەی پەیوەندیدار روونكردنەوە لەسەر ئەم بابەتە بدەن.