وڵاتانی ئەوروپا داعشە دەستگیرکراوەکانی ژێر دەستی هەسەدە وەرناگرنەوە

"خۆیان چوونەتە وڵاتێکی دیکە و لەدژی پرەنسیپ و بەھاکانی ئەوروپا شەڕیان کردووە"
kurdistan24.net

K24 - برۆكسل

ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا تێڕوانینی جیاوازیان بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئەو داعشە ئەوروپیانە هەیە، کە لە بەندینخانەکانی ھەسەدە دان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ژمارەیەکی زۆری داعشە ئەوروپییەکان لە ژن و منداڵ پێکھاتوون و ناسنامەی ئەوروپایان ھەیە، تاوەکو ئێستا ھیچ وڵاتێکی ئەوروپا بە فه‌رمی ئاشکرای نەکردووە کە ئەو ئەندامانەی داعش وەردەگرنەوە یاخود نا.

تا ئێستا پەرلەمانی ئەوروپا لەسەر پرسی گەڕانەوەی منداڵە داعشە ئەورپییەكان كۆنەبووەتەوە، كە لە بەندیخانەكانی ھێزەكانی سووریای دیموكراتن و دەیانەوێ بگەڕێندرێنەوە وڵاتەكەی خۆیان، ئەندامێكی پەرلەمانی ئەوروپا، لەگەڵ ئەوەدایە ھەموو وڵاتانی ئەوروپا ژن و منداڵی داعشە ئەوروپییەکان وەرنەگرنەوە، چونکە چەندین ساڵ شەڕیان دژی بنەماکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و پێكەوە ژیانكردووە کرد.

جۆرجس ئیپیتیدیۆس، پەرلەمانتاری ئەوروپا بە كوردستان24ی گوت: "بۆچوونی من لەسەر ئەو بابەتە ئەوەیە کە وڵاتانی ئەوروپی ئەو خەڵکانە وەرنەگرنەوە و مافی ھاووڵاتی بوونیشیان لێوەرگرێتەوە چونکە ئەوان لەسەر خواستی خۆیان ئەو وڵاتانەیان بەجێھێشتووە کە مافی ھاوڵاتیبوونی پێداون. ھیچ گوشارێکیان لەسەر نەبووە و خۆیان چوونەتە وڵاتێکی دیکە و لەدژی پرەنسیپ و بەھاکانی ئەوروپا شەڕیان کردووە".

ئەندامێکی دیكە له‌ پەرلەمانی ئەوروپا پێشنیاز دەکات لە لوکسۆمبۆرگ کە بارەگای سەرەکی دادگای ئەوروپایه‌، بەشێکی تایبەت بکرێتەوە بۆ دادگاییکردنی ژن و منداڵی داعشە ئەوروپییەکان.

جۆزێف تێریکابراس، پەرلەمانتاری ئەوروپا دەڵێ: "ئەوانەی کە پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە پێگە و پێناسەی جیاوازیان ھەیە. ئەگەر ئەوانەی لەناو داعشدا بوون و ھیچ تاوانێکیان ئەنجام نەداوە من  پێموایە دەبێ بگەڕێنرێنەوە. بۆ نموونە دایکی تاوانبارەکان ئازادن".

دوای تێکشکانی داعش لە سووریا و عێراق، ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە) ئاشکرای کردووە، ژمارەیەکی زۆر ژن و منداڵی داعشە ئەوروپییەکانیانان ده‌ستگیركردووه‌، بەگوێرەی ئاماری کۆمسیۆنی ئەوروپا زیاتر لە 42 ھەزار شەڕکەری بیانی پەیوەندیان کردبوو بە داعشه‌وه‌ لەساڵانی 2011 تاوەکو 2016. لەو ژمارەیەش 5 ھەزاریان ناسنامەی ئەوروپیان ھەبووە. ھەسەدەش ئاشکرای کردووە 850 داعشی ئەوروپا لە بەندینخانەکاندا بەندکراون و داوا لە وڵاتانی ئەوروپا کراوە وەریانبگرنەوە.