پارکی ئازادی سلێمانی بێ خزمه‌تگوزارییه‌

رووبه‌ری پارکی ئازادی نزیکەی 176 دۆنم دەبێت
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

پارکی ئازادی سلێمانی رۆژانە سەدان کەس بۆ پشوودان یان وەرزش کردن رووی تێدەکەن، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت ماوەیەکە پارکه‌كه‌ گرفتی خزمەتگوزاری ھەیە و بەڕێوەبەڕی باخچەکانی سلێمانیش نكۆڵی ناكات و ده‌ڵێ، لە زۆربەی باخچەکانی سلێمانی گرفتیان ھەیە.

پارکی ئازادی، ئەو شوێنەی لە سەردەمی رژێمی بەعسدا بە حامیەکە ناسراوبوو، کە شوێنی ئەشکەنجەدانی ھاووڵاتیانی کورد بوو، دوای راپه‌ڕین حکوومەتی ھەرێم بڕیاریدا بیکاتە پارکێک و ھاووڵاتیان بتوانن سەردانی بکەن، بەڵام ئه‌وه‌ی تێبینی دەکرێت، ئەم پارکە لە چەندین خزمەتگوزاری پشتگوێ خراوه‌.

کامەران حەمە ساڵح، بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی بە كوردستان24ی گوت: "لە ساڵانی پێشتووتر لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان ھاوكاریمان دەكرا، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی پشتگیری تەواوی دەكردین، بەڵام ئێستا ئەو پارەیە نییە، تەنانەت پارەی ئەوەمان نییە مزەخەیەك بكڕین، كاتێك مزەخەیەك دەسوتێت دەبێ بە نووسراو بۆ شارەوانی بەرزی كەینەوە".

بەشێکی زۆری دانیشتووانی سلێمانی سەردانیکردنی پارکی ئازادیان کردووەتە خوێكی رۆژانه‌، ئەوانیش گلەیان ھەیە، کە خزمەتگوزارییەکانی پارکەکە وەک پێویست نین و لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە ھاووڵاتیان پاک و خاوێنی شوێنە گشتییەکان ناپارێزن.

پارکی ئازادی رووبەرەکەی نزیکەی 176 دۆنم دەبێت و ساڵی 1993 بڕیاری دروستكردنی دراوە، تا ساڵی 2003 سەرجەم کارەکانی تەواو بوون، چەند بەشێک لە خۆ دەگرێت، له‌وانه‌ شوێنی تایبه‌ت به‌ یاری و وەرزش کردن و چەند بەشێکی دیکە.

ھ.م