كورد ههڵبژاردنی ئهنجومهنی پارێزگای كهركووك رهت دهكاتهوه
K24 - ههولێر:
پێشنیازکراوە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، لە ناوەڕاستی مانگی یازدەی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت، بەڵام هێشتا ئهمه نەبووەتە بڕیار و پێویستە لە پەرلەمانی عێراق یەکلایی بکرێتەوە. لهم بارهیهوه لایەن و پێکهاتەکانی شارهكه هەریەکە و بە جۆرێک دەیەوێت هەڵبژاردنەکە بەڕێوە بچێت، لهو نێوهشدا هێشتا کورد خۆی یەکلایی نەکردووهتەوە و بە دوو بۆچوون و ئاراستەی جیاوازەوە، قسە لەسەر هەڵبژاردنەکە دەکەن.
هێشتا یەکلایی نەبووهتەوه كه ئاخۆ هەڵبژارنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ئەنجام دەدرێت، یاخود نا، بەڵام لایەن و پێکهاتەکان هەریەکە و بۆچوون و داواکاریی تایبەتیان هەیە. عەرەب و تورکمانەکان بە هۆی تێبینییەکانیان لە سەر تۆماری دەنگدەران، دەیانەوێت یاسایەکی تایبەت بۆ بەڕێوەچوونی ئەو هەڵبژاردنە دەربچێت.
ئهوان لهگەڵ یاسایەکی تایبەتن، كه پارێزگاریی لە عێراقیبوونی کەرکووک بکات، ئەگەر ئەو یاسایە بۆ ماوەیەکی دیاریکراویش بێت، بۆ ئەوەی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان نەتەوەکان مسۆگەر بکەن و کەرکووک وەکو عێراقێکی بچووککراوه بمێنێتەوە، ئهمه وهك ئهوهی ئهوان دهیڵێن.
کورد بۆ ئەم بابەتە دابەشی دووبەرە بووه و تا ئێستا بە دوو داواکاریی و دوو تێڕوانینی جیاوازەوە، هەریەکەیان بە ئاراستەیەک قسە لە سەر هەڵبژاردنەکە دەکهن.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش ئامادەکاریی بۆ ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنە کردووە و پێشنیازی کردووە، كه لە ناوەڕاستی مانگی یازدەی ئەمساڵدا هەڵبژاردنەکە ئەنجام بدرێت، ههرچهنده بڕیاری کۆتایی لای پەرلەمانە.