لە ناوچەیەكی ھامبۆرگی ئەڵمانیا كوردێك كاندیدی شارەوانییە

بەشداریی کورد لەنێو پارت و دامەزراوەکانی ئەڵمانیا زیادی کردووە
kurdistan24.net

K24 - ھامبۆرگ

خانمێكی كورد کاندیدی شارەوانیی ئالتۆنای ھەرێمی ھامبۆرگە لە ئەڵمانیا، ئەو لە ھەشت ساڵی رابردوودا، لە سەر پارتیی چەپ، ئەندامی شارەوانی بووە و بۆ ئەم ھەڵبژاردنەش، کە لە 26ی ئایار ئەنجام دەدرێت، کاندیدی پارتیی سۆسیال دیموکراتەکانە بۆ ھەمان شارەوانی. بەشداریی سیاسیی کوردەکانی ئەڵمانیا لە ناو پارت و دامەزراوەکانی ئەڵمانیا زیادی کردووە و ئەوان نوێنەرایەتیی زیاد لە ملیۆنێک لە کوردانی ئەڵمانیا دەکەن.

ئایسەل ئۆزکان، ژنە کوردێکی خەڵکی باکووری کوردستانە، ئەو لە ھەشت ساڵی رابردوودا لە سەر پارتیی چەپ، ئەندامی شارەوانیی ئالتۆنای ھەرێمی ھامبۆرگ بوو، بۆ ئەم ھەڵبژاردنەش بۆ ھەمان شارەوانی، کاندیدی پارتیی سۆسیال دیموکراتەکانە و لە ریزبەندی دووەم دایە و شانسی سەرکەوتنی زۆرە.

ئایسەل سێوێکی سوور، کە وەک رەنگی ئاڵای حیزبەکەی سوورە، پێشکەشی خەڵکی دەکات و ھەوڵ دەدات قەناعەتیان پێ بکات، کە بۆ ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ھامبۆرگ دەنگی پێ بدەن. ئەو بەشداریی سیاسیی کوردان لە ئەڵمانیا بە گرنگ دەزانێت بۆ پرسی کورد.

بە ھۆی سیاسەتی قەدەغەکردنی زمانی کوردی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، ئۆزکان لە فێربوونی زمانی کوردی بێبەش بووە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، ئەنجامدانی ریفراندۆمی کوردستان بە بڕیاری سەرۆك بارزانی، ھانی داوە کە دەست بە فێربوونی زمانی کوردی بکات.

بۆ به‌ده‌ستخستنی متمانه‌، كاندیده‌كان جگه‌ له‌ خه‌ڵكی ئه‌ڵمان، هیوای زۆریشیان به‌ كوردستانییانە له‌ سنووری شاره‌وانییه‌كانیان هه‌یه‌.

لە ھەڵبژادنە ناوچەیی و سەرتاسەرییەکانی ئەڵمانیا، ژمارەیەک کورد لەسەر پارتە سیاسییە جیاوازەکان خۆیان کاندید کردووە. ئەو کوردانە دەستیان بە ناسنامە ئەڵمانی و کوردییەکەشیانەوە گرتووە. چیتر ئەوان پەنابەر و بیانی نین، بەڵکوو خاوەن ماڵن و لە ناو دامەزراوە گرنگەکانی ئەڵمانیادا شوێنی خۆیان دەگرن.

ھ.م