بۆچی خەڵک بە مەسرور بارزانی دڵخۆشن

Kurd24

ماوەیەکی دوورودرێژ بەسەر راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی (30)ـی ئەیلوولی (2018) تێپەڕیوەو قۆناغەکانی دانوستاندن و گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەتیش ماوەیەکی درێژی پێچوو، بەڵام ئەو ماوە زۆرەو ئەو پشوو درێژییەی حیزبی براوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و لە پێناو یەکڕیزی و تەبایی سیاسی بوو، لەو هەرێمەی کە لە ماوەی رابردوو رووبەڕووی چەندین قەیرانی دارایی و سیاسی و سەربازی بوویەوە. شتێکی شاراوەش نییە کە زۆربەی ئەو کێشانەی رووبەڕووی بوونەوە بە زۆر بەسەری سەپێنران.

 ئەمەش تەنیا بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستانی پێ لاواز بکرێت، جا هەر لە بڕینی بەشە بوجەی هەرێمی کوردستانەوە بگرە کە لەلایەن هەردوو سەرۆک وەزیرانی عێراق (مالیکی) و (عەبادی) و بەمیزاجێکی کەسی و تائیفیانەو دوور لە دەستور و یاسا و بە بڕیاری سیاسیانە بڕدرا.

یان بە زۆر رووبەڕووکردنەوەی هەرێمی کوردستان لەشەڕێکی داسەپاو بۆ بەرگریکردن لە خاکی هەرێمی کوردستان لە دژی چەکدارانی تیروریستی داعەشەوە، زێدەباری بەکارهێنانی هێزی سەربازی بۆ سەر کەرکوک و پردێ و سەحێلا لە لایەن سەرۆک وەزیران و فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی پێشووی عێراق (عەبادی) لە (16)ی ئۆکتۆبەر کە پێچەوانەی مادەی نۆی دەستوری عێراق هێزی لە دژی پێکهاتەیەکی بنەڕەت و سەرەکی ئەو خاکە بەکارهێنا کە خودی ئەو فەرماندەیە هاوردەو نامۆیە بەو خاکە. 

ئاشکرایە کە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت زۆری خایاند، بەڵام خۆشبەختانە لە قۆناغەکانی کۆتایی خۆی دایە و لە ماوەیەکی نزیک و لە کاتی یاسایی خۆی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان متمانەی خۆی لە پەرلەمانی کوردستان وەردەگرێت.

 هەر ئەمەش خاڵی سەرکەوتنی هێزی زۆرینەو سەرەکی ئەو هەرێمەیە کە پارتی دیموکراتی کوردستانە کە وەک براوەی سەرەکی و زۆرینەی پەرلەمانی، پشوو درێژییەکەی بووە مایەی سەقامگیری و ئارامیی زیاتر لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستان.

مانگی حوزەیرانی رابردوو دوو رووداوی هەژی و گرنگ روویاندا کە هۆکارن بۆ بە ئارامی مانەوە و سەقامگیری زیاتری ئەو بەشەی خاکی کوردستان کە نەیارانی چاویان تێبڕیوە کە بە پێی ویستی خۆیان بیشڵەژێنن و رووبەڕووی گرفت و کێشەی جۆاروجۆری بکەن.

ئەو دوو رووداوەش سوێند خواردنی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان و راسپاردنی بەڕێز مەسرور بارزانی بوو بۆ پێکهینانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بو تا كابینه‌كه‌ی ته‌واو بكات و بەمەبەستی متمانە پێدانی بیباتە بەردەم پەرلەمان.

گومانی تێدا نییە کە کابینەی نۆیەم  هەنگاو دەنێت بۆ خزمەتکردن و بەهێزترکردن و پێشخستنی ژێرخانی ئابووری و ئیداری و سیاسی و سەربازی هەرێمی کوردستان، لە پێناو ئەوەی هەرێمی کوردستان بەهێزتر لە جاران لە گۆڕەپانی سیاسی ناوخۆ و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بمێنێتەوە.

شاراوە نییە کە حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانی هەرێمی کوردستان سەرەڕای هەموو چالێنج و کێشەو گرفتە سیاسی و ئابوریی و داراییەکان کە رووبەڕوووی بوویەوە، توانی کەم تا زۆر بەرەنگاری زۆربەی هەرە زۆریان ببێتەوەو بە کەمترین زەرەر لێی دەرباز بێت، بەڵام هەن ئەو کێشەو گرفتانەش کە تا ئێستاشی لەگەڵ بێت بەرۆکی حکومەتی گرتووە و نەتوانراوە بە شێوەیەکی تۆکمە بنبڕ بکرێت یان بە رێژەیەکی دڵخۆشکەر بەڕەنگاری ببینەوە. کە بێگومان پلانی تۆکمەو کات و ئیرادەی جیدی و یەکرێزی نیشتمانی دەوێـت بۆ چارەسەرکردنی.

دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ چارسەرکردنی گرفتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا و بە پێی دەستوری عێراق و  بە هێزکردن و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەو چەسپاندنی مافە دەستورەییەکانی وەک بەشێک لە سیستەمی بەرگری عێراق و رووبەڕووبوونەوەو سنووردانان بۆ ئەو کەسانەی کە وەک (زیوانی گەنم) مەترسین، بۆئەوەی رووداوی هاوشێوەی (16) ئۆکتۆبەر روونەداتەوە.

هەروەها چارەسەرکردنی پرسی نەوت لە گەڵ حکومەتی عێراق بە پێی رێکكەوتن و دانانی یاسایەکی ئیتحادی بۆ پارێزگاری کردن لە بەشە نەوتی هەرێم، بۆئەوەی میزاجی کەسەکان لە بەغدا کاریگەری نەبێت لەسەری. ئەمانەو هەندێکی دیکە کاری جیدی حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستانن. بەڵام لە تەک ئەم کارانەش، بەردەوام بوونی زیاترە بۆ پارێزگاری کردن لە ئەمنی قەومی، کە لە رێگەی پارێزگاری کردن لە ئەمنی خۆراکی و تەندروستی و پەروەردەیی و... هتد، دێتە دی، چونکە ستونی سەرەکی مانەوەی نەوەیەکی بەهێز و تێگەیشتوو و پێشکەوتوو لە هەموو وڵاتان پاراستنی ئەم خاڵانەیە لە مەترسی ناوخۆیی و دەرەکی کە نەیاران کار دەکەن بۆ نەخۆشکردن و بێ سوود و لاوازکردنی نەوەی داهاتووی وڵات.

دەبێت راشکاوانە بڵێین کە گرنگە حکومەتی داهاتوو لە تەک چارەسەرکردنی گرفتەکانی دیکە، خەمی سەرەکییەکەی بەرەنگاربوونەوەی (بەلا) یەک بێت کە پێی دڵێن(گەندەلی) کە بۆتە مۆتەکەی هەموومان، کە مخابن بمانەوێت و نەمانەوێت جومگەکانی کارگێری گرتۆتەوە و (وەبا) یەکە ناکرێت وا بە ئاسانی رووبەڕووی ببینەوە، مەگەر کە بڕیارێکی بوێر و بەرنامەیەکی جیدی و تۆکمەی گشتگیری بۆ هەبێت.

 بۆیە گرنگە کابینەی نۆیەم، خەمی چاکسازییەکی بنەڕەتی هەبێت لە هەموو جۆمەگەکانی حکومەت و پلانی جیدی هەبێت بۆ ئەم مەبەستە و کار بکات بۆ هێنانە دی حوکمی رەشید بۆ دوورخستنەوەی میزاجی شەخسی لە بەڕێوەبردن و دانانی پێوەری گونجاو و نەگۆڕ بۆ ئیدارەدان و دوورخستنەوەی مەحسوبیەت و مەنسوبیەت لە قاموسی کارگێری.

ئەنجامدانی نوێگەری لە پۆستە ئیدارییەکان و هێنانە پێشەوەی کەسی شارەزاو  پسپۆر و گۆڕانکاری کردن لەو پۆستانەی کە ماوەیەکی زۆرە گۆڕانکاری لە کەسە یەکەمەکانیان نەکراوە، مخابن هەندێکیان وایان لێهاتووە میزاجی کەسیان تێکەڵ بە پرنسیپیە کارگێرییەکان کردووە و ژێردەستەکانیان تووشی نەخۆشی دەروونی کردووە و ئامراز نینە بۆ دروست کردنی کادری لێهاتوو و کاریگەر، بەڵکو بوونەتە هۆی شکاندنیان.

ئێمە پێویستیمان بە سەرماییەی مرۆییە لەم وڵاتە، سەرماییەی مرۆیی داینەمۆی پێشخستنی وڵاتە، بۆیە دەبێـت کەسەکان دروست بکرێن، نەک بشکێنرێن، بە داخەوە ئەم بابەتە هەیە و هێندەی هەوڵ بۆ شکاندنی کەسە لێهاتووەکان دەدرێت، هێندە هەوڵی سەرخستن و پێشخستنیان نادرێت. نمونە زۆرن گەر پێویست بە گوتنیان بکرێت.

هاووڵاتیان دڵیان خۆشە بە راسپاردنی جەنابی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو، چونکە تێنووی گۆڕانکاری ریشەیین و دەیانەوێت چاکسازی ریشەیی ببینین. ئەم دڵخۆشییەی هاوڵاتیان لە جێی خۆیەتی، چونکە بەڕێز(مەسرور بارزانی) بە هۆی جدیەت و ئەزموون و لێهاتوویی و پێگەی پێشووتری خۆیانەوە و سەرکەوتووییان لە پاراستنی ئاسایش و ئەمنیەتی هەرێم توانیویانە ئەو قەناعەتە بۆ هاوڵاتیان درووست بکەن کە دەتوانێت بوێرانە بڕیار بدات بۆ راستکردنەوەی  هاوکێشە کارگێرییەکان بۆ بەرێوەبردنێکی تەندروستی جومگە کارگێرییەکان و سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی کە لە کابینەی پێشووتر هەنگاوی بۆ نرا، چاکسازی کارگێری و دادپەروەری لە کایە جیاوازەکانی حوکمڕانی و کارگێری خاڵی گرنگن کە پێویستە هەنگاوی جیدی بۆ بهاوێژێت.

 * پەرلەمانتاری پێشووی عێراق