كوردانى ئێزدی پاڵپشتیی له كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت ده‌كه‌ن
K24- دهۆك:
كوردانی ئێزدی ئومێدی زۆریان به كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، به تایبه‌تیش دوای ئه‌وه‌ی ئێزدییه‌كان به 4 پۆست به‌شداریی له كابینه‌ی نوێ‌دا ده‌كه‌ن.
كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزدی پێیان وایه كابینه‌ی نوێ پاڵپشت و پشتیوانێكی به هێز ده‌بێت بۆیان.
به‌ر له‌وه‌ی ناوی كاندیدانی حكوومه‌ت بگه‌نه په‌رله‌مانی كوردستان، ئێزدییه‌كان چاوه‌ڕێ بوون ئاخۆ پشكیان له كابینه‌ی نوێ‌دا ده‌بێت، یان نا، به‌ڵام دوای دیاریكردنی 4 پۆست بۆیان، كوردانی ئێزدی خۆشحاڵیی خۆیان له‌وه نیشان ده‌ده‌ن، كه له كابینه‌ی نوێ‌دا مافه‌كانیان له‌به‌رچاو گیراوه.
شێخ شامۆ یه‌كێك له‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی ئێزدییه، كه وه‌ك راوێژكاری سه‌رۆكی حكوومه‌ت بۆ كاروباری ئێزدیان ده‌ستنیشان كراوه، له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: هه‌موو هه‌وڵه‌كانمان بۆ داكۆكیكردن له مافی ئێزدیان ده‌خه‌ینه گه‌ڕ و دووپاتیش ده‌كاته‌وه، كه باوه‌ڕی زۆریان به مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی نوێ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، كه پشتیوانییه‌كی به‌هێزی كوردانی ئێزدی ده‌بێت.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان 24، ئه‌و 4 پۆسته‌ی له كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كوردانی ئێزدی دیار كراون، بریتین له: راوێژكاری سه‌رۆك وه‌زیران بۆ كاروباری ئێزدیان، راویژكاری كاروباری ئێزدیان له په‌رله‌مانی كوردستان، بریكاری وه‌زیر و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كاروباری ئێزدیان له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی.
بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه بووه‌ته جێگای خۆشحاڵی لای ئێزدیان، كه توانراوه ده‌روازه‌یه‌ك له نێوان پێكهاته‌ی ئێزدی و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كیشه‌كانیان بكرێته‌وه.
H.B