"گه‌ڕانه‌وه‌ی كۆتینهۆ بۆ پرێمه‌رلیگ ده‌بێته راستی"

"هه‌رگیز كۆتینهۆ بیری له‌وه‌ نه‌ده‌كرده‌وه‌ دوای 20 مانگ بارسێلۆنا جێبهێڵێت"

فیلیپ کۆتینهۆ نزیکە بە خواستن بۆ ماوەی وەرزێک بچێتە ئارسێناڵ، کە بەهۆی خراپی ئاستی هاندەران گلەییان لە ئاستی ئەو یاریزانە بڕازیلییە هەیە و ئەو یاریزانەی هەموو شتێکی لەپێناوی گواستنەوەی بۆ بارسێلۆنا کرد، دوای 20 مانگ ناچارە ریزەکانی ئەو یانەیە بەجیبهێڵێت و بگەڕێتەوە پرێمەرلیگ.

کۆتینهۆ کاتێک سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ بۆ یەکەمجار وەکو یاریزانی بارسێلۆنا پێی نایە ناو یاریگای کامپ نوو، هەرگیز پێشبینی نەدەکرد رۆژێک بێت بەهۆی خراپی ئاستی بارسێلۆنا بیر لە بەڕێکردنی بکاتەوە.

فیلیپ کۆتینهۆ سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ بەرامبەر ١٤٥ ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە بارسێلۆناوە کرد، دوای پێداگیرییەکی دوور و درێژی کۆتینهۆ، ئەو یاریزانە بڕازیلییە لیڤەرپوولی ناچارکرد یانەکەی بەڕێی بکات، کەچی ئێستا کۆتینهۆ نزیکە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە پرێمەرلیگ و نزیکە بە خواستن پەیوەندی بە ئارسێناڵی ئینگلیزییەوە بکات.

رۆژنامەی لیکیپی فڕەنسی ئاشکرایکردووە، فیلیپ کۆتینهۆ نزیکبووەتەوە بە خواستن بۆ ماوەی وەرزێک پەیوەندی بە ریزەکانی ئارسێناڵەوە بکات و تێچووی خواستنەکەی ئەو یاریزانە بڕازیلییە دەگاتە نزیکەی ٢٧ ملیۆن پاوەند، بەڵام لە گرێبەستەکەی کۆتینهۆ هیچ بەندێک جێگیر ناکرێت ئەگەر ئارسێناڵ بیەوێت بتوانێت یاریزانەکە بکڕێتەوە.

کۆتینهۆ لە کۆی ٧٦ یاری ٢١ گۆڵی کردووە و ١١ گۆڵی دروستکردووە، بەڵام وەرزی رابردوو هاندەرانی بارسێلۆنا گلەیان لە ئاستی ئەو یاریزانە بڕازیلییە هەبوو، کە لە کۆی ٥٦ یاری ١١ گۆڵی کرد و پێنج گۆڵی دروستکرد.

کۆتینهۆ لە ساڵانی ٢٠١٣ تاکو ٢٠١٨ بۆ ماوەی پێنج ساڵ یاریی بۆ لیڤەرپوول کرد، کە لە کۆی ٢٠١ یاری ٥٤ گۆڵی کرد و ٤٥ گۆڵیشی بۆ رێدز دروستکرد، بەڵام ئەگەر کۆتینهۆ بگەڕێتەوە پرێمەرلیگ ناچار دەبێت دژی ئەو یانەیە یاریی بکات.