شاره‌زا و چالاكانی كورد ره‌خنه‌ له‌ دیارییه‌كه‌ی ئیمامئۆغڵو بۆ شاره‌وانی دیاربه‌كر ده‌گرن

ئیمامئۆغڵو به‌ مه‌به‌ست ئه‌و دیارییه‌ی هه‌ڵبژاردووه‌
kurdistan24.net

K24 – دیاربه‌كر:

چالاكان و مافناسانی كورد له‌ باكووری كوردستان ره‌خنه‌ له‌ دیارییه‌كه‌ی ئه‌كره‌م ئیمامئۆغڵو ده‌گرن، كه‌ پێشكه‌شی شاره‌وانی دیاربه‌كری كرد و پێیان وایه‌، ئیمامئۆغڵۆ به‌ مه‌به‌ست ئه‌و دیارییه‌ی هه‌ڵبژاردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پێشكه‌شی شاره‌وانی شارێكی كوردیی بكات.

دیارییه‌كه‌ی ئیمامئۆغڵوی سه‌رۆكی شاره‌وانی ئه‌سته‌نبووڵ بریتییه‌ له‌ تابڵۆی وێنه‌یه‌كی مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك، كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ جووتیارێكی كورد وه‌ستاوه‌ و له‌ تابڵۆكه‌دا جووتیاره‌ كورده‌كه‌ بێده‌سه‌ڵات و كز و لاواز دیاره‌ و هه‌ژموونی ئه‌تاتوركی به‌سه‌ره‌وه‌یه‌.

فاروق قه‌ره‌قوینلۆ، مافناس و چالاكوان رایگه‌یاند، ئیمامئۆغڵو له‌ رێگه‌ی ئه‌و تابڵۆیه‌وه‌ ده‌یه‌وێت بڵێت ئێوه‌ كۆیله‌ و ئێمه‌ سه‌رده‌ستین. ده‌یه‌وێت بڵێت كورد غولامه‌ و تورك ئه‌فه‌ندییه‌ و تورك كوردی فێری ژیان و ئاشنای شارستانیه‌ت كردووه‌.

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ چالاكوانێكی دیكه‌ی كورد بۆ كوردستان24 گوتی: ئیمامئۆغڵۆ ده‌یه‌وێت به‌ جه‌هه‌په‌ بڵێت، كه‌ له‌سه‌ر هه‌مان هێڵی سیاسه‌تی جه‌هه‌په‌یه‌ و ئه‌و تابڵۆیه‌ پێودانگی كاركردنییه‌تی له‌گه‌ڵ كورد. 

ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ پشتگیری خۆی بۆ سەرۆک شارەوانییە دوورخراوەکانی هەدەپە دەربڕی و رایگەیاند، پێویستە دادگا بڕیارە لەبارەی سەرۆ شارەوانییەکانی هەدەپەوە بدات نەک حکوومەتی تورکیا.

ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی شارەوانی ئیستانبوڵ له‌ كۆتایی مانگی رابردوو بە سەردانێک گەیشتە دیاربەکر، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەشکرد: "حکوومەتی تورکیا دژی دەنگدەران و نوێنەرانی هەدەپە جیاوازی دەکات و ئەم سیاسەتەش مەترسی لەسەر دیموکراسیەت هەیە".

ئەم سه‌ردانه‌ی سەرۆكی شارەوانی ئیستانبوڵ دوای ئەوەدێت، رۆژی دووشەممە 19/8/2019، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی توركیا، بیانووی ئەندامێتییان لە پەكەكە و بانگەشەكردن بۆ تیرۆر و بوونی چەند دۆسیەیەكی لێپرسینەوە، ھەر یەك لە عەدنان سەلجوق میزراقلی، سەرۆكی شارەوانی دیاربەكر، ئەحمەد تورك، سەرۆكی شارەوانی ماردین، بەدیعە ئۆزگوگچە ئەرتان، سەرۆكی شارەوانی وان- لە كارەكانیان دوورخرانەوە، پارێزگاری ئەو سێ شارەش لە شوێنیان وەك قەیوم دەستبەكار بوون.