ئالۆنسۆ بۆ شوێنگره‌وه‌ی زێدان به‌ربژێری یه‌كه‌مه
سه‌رچاوه‌یه‌كی راگه‌یاندنی ئیسپانیا ئاشكرای كردووه كه چابی ئالۆنسۆ نزیكترینه كه‌سه بۆ شوێنگره‌وه‌ی زینه‌دین زێدان.
رۆژنامه‌ی موندۆ دیپۆرتیڤۆ له چاپی ئه‌مرۆ هه‌ینی 20 ئه‌یلوولی 2019، له راپۆرته هه‌واڵێكدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه له ئه‌گه‌ری زیاتری ئه‌نجامه خراپه‌كانی ریال مه‌درید، فلۆرێنتینۆ پێرێزی سه‌رۆكی ریال مه‌درید چابی ئالۆنسۆی یاریزانی پێشووی یانه‌كه ده‌كاته شوێنگره‌وه‌ی زیزۆ.
سه‌رچاوه‌كه، هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردووه كه پێرێز زۆر سه‌رسامه به كه‌سایه‌تی ئالۆنسۆ كاتێك یاریزانیش بوو زۆر سه‌رسامی بیركردنه‌وه و ته‌كتیكی ئه‌و یاریزانه بوو، بۆیه پێرێز، ئالۆنسۆ به باشترین بژارده‌یه ده‌زانێت تا له دوای زێدان ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تی ریال مه‌درید وه‌ربگرێت.
رۆژنامه‌كه ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو، شكسته گه‌وره‌كه‌ی ریال مه‌درید به‌رامبه‌ر پاریس سانجێرمان و ده‌ستپێكه خراپه‌كه‌ی یانه‌كه له لالیگا سه‌رۆكی ریال مه‌دریدی ناچار كردووه به‌دوای شوێنگره‌وه‌ی زێدان دا بگه‌ڕێت، له‌م پێناوه‌دا پێشنیازی دوو كه‌س كراوه رائول گۆنزالێز و چابی ئالۆنسۆ، له‌م نێوه‌نده‌دا پێرێز ئه‌وه‌ی دووه‌می هه‌ڵبژاردووه.
ئالۆنسۆی ته‌مه‌ن 37 ساڵ كه ئێستا بۆته راهێنه‌ری تیپی دووه‌می ریال سوسیداد پێشتر هه‌ر له‌و یانه‌یه ده‌ستی به یاریكردن كردووه، دواتر له هاوینی 2004 له‌و یانه‌یه‌وه به به‌های 16 ملیۆن یۆرۆ بۆ لیڤه‌رپوول گواسترایه‌وه و نازناوی چامپیۆنزلیگی له‌گه‌ڵ رێدز به‌ده‌ستهێنا، دوای تێپه‌ڕكردنی چوار وه‌رز له پرێمه‌رلیگ به 34 ملیۆن یۆرۆ له ده‌رگه‌ی ریال مه‌دریده‌وه گه‌ڕایه‌وه لالیگا و نازناوی چامپیۆنزلیگی له‌گه‌ڵ شایانه‌كان به‌ده‌ستهێنا، له كۆی 236 یاری، 6 گۆڵ و 12 ئاسیستی كرد و پاشان ئه‌زموونێكی نوێتری له‌گه‌ڵ بایرن میونشن له بۆندزلیگا تاقی كرده‌وه و هه‌ر له‌و یانه‌یه‌ش وازهێنانی یه‌كجاره‌كی له یاریكردن راگه‌یاند.