هەولێر و بەغدا کاری هاوبەش لە ناوچە کوردستانییەکان تاوتوێ دەکەن
K24- بهغدا:
کۆبوونەوەی نێوان پێکھاتەکانی کەرکووك بەسەرپەرشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بەردەوامە، جێگری سەرۆکی بەرەی تورکمانیش دهڵێت: ئەگەر پێکهاتەکانی کەرکووك گفتوگۆکانیان تەواوبکەن دەگەنە ئەنجامی دڵخۆشکەر، ھاوکات بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەش ئاشكرای دهكات، له كاتێكی زۆر نزیكدا کۆبوونەوەی نێوان ھەولێر و بەغدا لهبارهی ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجامدەدرێت.
لهمبارهیهوه حهسهن تۆران، جێگری سهرۆكی بهرهی توركمانی دووپاتی دهكاتهوه، ئەگەر پێکهاتەکانی کەرکووك گفتوگۆکانیان تەواوبکەن دەگەنە ئەنجامی دڵخۆشکەر و دووپات دهكاتهوه، پێویستە ئیدارەیەکی ھاوبەشی راستەقینە لەکهركووك ھەبێ، دەبێ سامانی شارەکە بۆھەموو پێکھاتەکان بێت و ھیچ پێکھاتەیەك نەبێتە تاکە بڕیاردەر، پێمانوایە ئهگەر خەڵکی کەرکووك وازیان لێبھێنرێت، لەناو خۆیان گفتوگۆ بکەن ئەوا دەگەنە ڕێکەوتن، لەم نێوەندەشدا نەتەوەیەکگرتووەکان ڕۆڵی یارمەتیدەری ھەیە.
هاوكات جگه لە گفتوگۆ سیاسییەکان، ھەولێر و بەغدا ئێستا لە ھەوڵدان بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لە ئاستی سەربازیشدا بەو ئومێدەی کەرکووك ببێتەوە شارێك بۆھەمووان، لهم چاوراچێوهیهشدا جهبار یاوهر، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرای دهكات، ئەم ھەفتەیە کۆبوونەوەی نێوان ھەولێر و بەغدا بۆ ئەنجامدانی کاری ھاوبەش لەناوچە جێناکۆکەکان ئەنجامدەدرێت.
پرسەکانی کەرکووك و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان گرینگترین بابەتی ھەڵپەسێردراوی نێوان ھەولێر و بەغدان، ھەرچی پرسی بودجە و شایستە داراییەکانە بڕیاری کۆتایی لای پەرلەمانە و تا ئێستاش دیارنییە ئەو چارەسەرەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەیھێنێت کێ تیایدا بڕیاردەرە و کەی جێبەجێ دەکرێت.
H.B