كوردێك لە بەرلین خەڵات دەكرێت

لە چەندین بوار خزمەتی كردووە
kurdistan24.net

K24 - بەرلین

کوردێکی باکووری کوردستان لە لایەن پارێزگاری بەرلینەوە، لە بەرامبەر ئەو کارو خزمەتانەی کە لە بواری خوێندن و ھاوکاریکردنی کوردانی بەرلین و ھەوڵدان بۆ بەدەستھێنانی مافی کوردان و خەبات بۆ بەدەستھێنانی دەرفەتی ھاوبەش بۆ خەڵکی بیانی و پەنابەران، خەڵاتی رێزلێنانی پێدەبەخشرێت.

رەزا باران، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی بەرلین كوردێكی باكووری كوردستانە و 40 ساڵی تەواوە بەبێ وەستان و ماندوبوون سەرقاڵی کارکردنە بۆ خەڵک و شاری بەرلین، وەک رێزێک بۆ ئەو خەباتەی ئەو پیاوە کوردە، لە لایەن پارێزگاری بەرلینەوە بە ئامادەبوونی دەیان کەس خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشرا.

رەزا باران، لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا دەبێتە ئەندامی پەرلەمانی بەرلین و لە بواری ناسنامە و زمانی کوردیەوە خزمەتێکی گەورە پێشکەش بە کوردانی بەرلین دەکات.

رەزا باران، 4 دەیەیە وەک کەسێکی چالاک لە ناو کوردانی بەرلین کار دەکات. ھاوڕێیەکی کە لە مەراسیمەکەدا ئامادەبوو باس لەوە دەکات، کە بەیەکەوە پەرلەمانتاری بەرلین بوونە و خەباتی دپلۆماتیان بۆ کورد کردوە.

ھ.م