گریزمان بۆ یه‌كه‌مجار هۆكاری راسته‌قینه‌ی په‌یوه‌ندیكردنی به بارسێلۆنا ئاشكرا ده‌كات
ئانتوان گریزمان هێرشبه‌ری فره‌نسی یانه‌ی بارسێلۆنا له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا ئاشكرای ده‌كات كه له پێناو چه‌ند هۆكارێك په‌یوه‌ندی به بارسێلۆنا كرد و ده‌شڵێت: بۆ بردنه‌وه‌ی چامپیۆنزلیگ نه‌هاتوومه‌ته بارسێلۆنا.
ئانتوان گریزمان له دوایین یاری بارسێلۆنا له خوله‌كی 57ـی له یاریگه هاته ده‌ره‌وه و هێشتا به ته‌واوه‌تی شوێنی خۆی له پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی بارسێلۆنا نه‌كردۆته‌وه.
له‌مباره‌یه‌وه ئانتوان گریزمان له لێدوانێكدا بۆ پێگه‌ی یوێفا جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه بارسێلۆنا یانه‌یه‌كی جیاوازه بۆیه ئه‌و یانه‌یه‌ی هه‌ڵبژاردووه، ده‌شڵێت: ئاتڵێتیكۆ مه‌درید یانه‌یه‌كی گه‌وره‌یه، ته‌نانه‌ت توانای بردنه‌وه‌ی نازناوی چامپیۆنزلیگیشی هه‌بوو، به‌ڵام من ئه‌و یانه‌یه‌م جێهێشت له پێناو ئه‌وه‌ی شتی نوێتر فێربم، چونكه ده‌مزانی بارسێلۆنا خاوه‌نی فه‌لسه‌فه‌یه‌كی نوێیه و یاریزانه‌كان ده‌توانن له‌و یانه‌یه ئاستی خۆیان پێشبخه‌ن.
گریزمان گوتیشی: ئامانجی سه‌ره‌كی من له پۆشینی درێسی بارسێلۆنا ته‌نیا فێربوونی شێوازی یاریكردنی نوێیه، هه‌رچه‌نده ئاتڵێتیكۆ مه‌دریدیش یانه‌یه‌كی گه‌وره بوو، له هه‌مان كاتدا خاوه‌نی راهێنه‌رێكی نایابیشه.
ئانتوان گریزمانی ته‌مه‌ن 28 ساڵ، له هاوینی رابردوو به 120 ملیۆن یۆرۆ روویكرده بارسێلۆنا، له‌گه‌ڵ یانه كه‌ته‌لۆنیاییه‌كه له سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێتییه‌كان به‌شداریی له 16 یاری كردووه، 4 گۆڵ و 3 ئاسیستی هه‌یه.