لایەنەكان لەسەر پێكھێنانی ھاوپەیمانی كوردستانی له‌ به‌غدا رێككەوتوون

پێكهێنانی هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ چاوه‌ڕێی ھەنگاوی كرداریه‌
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

لایەنە سیاسییەكان لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی سەرەتایی رەزامەندیان لەسەر پێكھێنانی ھاوپەیمانی كوردستانی لە بەغدا دەربڕیوە، ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە كە دەست بە ھەنگاوی كرداری بكرێت، تا بەر لە پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، ھاوپەیمانی كوردستانی لە بەغدا پێكبھێندرێت.

رووداوەكان لە عێراق خێرا تێدەپەڕن ... ھەرێمی كوردستانیش نایەوێ لە رووداو و پێشھاتەكان دوابكەوێت و لە ئامادەسازیدایە بۆ ھەڵكردن لەگەڵ ئەم دۆخە نوێیەی خەریكە سەرھەڵدەدات، ھەنگاوی گەورەی سەركردایەتی سیاسی كوردستان لەم قۆناغەدا پێكھێنانی ھاوپەیمانی كوردستانییە لە بەغدا، ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێت: بۆ درووستكردنی ئەم ھاوپەیمانیە كۆبوونەوەی شەو و رۆژ و رۆژ و مانگی ناوێت، یەك كۆبوونەوەی فراوانی مەكتەبی سیاسی حزبەكانی گەڕەكە.

له‌مباره‌شه‌وه‌ ئارێز عه‌بدوڵڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی ده‌ڵێت: بۆ درووستكردنی ئه‌و ھاوپەیمانێتییه‌ پێویست بە كۆبوونەوەی درێژخایەن و چەند ڕۆژە ناكات، بە پێچەوانەوە تەنیا كۆبوونەوەیەكی فراوانی مەكتەبی سیاسی حزبەكانی پێویستە.

له‌كاتێكیشدا لە سەردانەكانی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان بۆ لای لایەنە سیاسییەكان ئەم باسە تەوەری سەرەكی گفتوگۆكان بوو، بەگوێره‌ی زانیارییەكانیش سەرجەم لایەنەكان لەگەڵ پێكھێنانی ئەو ھاوپەیمانیەتەدا بوون و بەشێوەیەكی سەرەتایی لەسەری رێككەوتوون، لەمەودوا ھەنگاوی كرداری دەگیرێتە بەر، تا بەر لە پێكھێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ھاوپەیمانیەتێكدا كۆبكرێنەوە، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، بڵند ئیسماعیل، سه‌ركردایه‌تی پارتی ده‌ڵێت، جزبه‌كه‌ی بۆ ئه‌و هه‌نگاوه‌ كردارییه‌ ئاماده‌یه‌.

فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ماوەی رابردوودا سەرەڕای تێڕوانینی جیاواز بۆ بەشێك لە پرسەكان، بەڵام بۆ پرسە گرنگەكانی تایبەت بە ماف و شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان یەكدەنگ بوون، كە پێدەچێ یەكڕیزی ئەوان لە بەغدا، ئەركی مەكتەبی سیاسی حزبەكانیان لە پێكھێنانی ھاوپەیمانی كوردستانی ئاسانتر بكات.

H.B