ماڵی مەیمونەكان لە ئەڵمانیا سوتا

"هیچ مەیمونێک رزگاری نەبووەو هەموویان سوتاون"

K24 - بەرلین

بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە باخچەی ئاژەڵانی شاری کرێفێڵدی ئەڵمانیا ماڵی مەیموونەكان سوتا.

باخچەی ئاژەڵانی کرێفێڵد، لە ویلایەتی نۆردڕاین ڤێستفاڵنی رۆژئاوای ئەڵمانیا، ئەمڕۆ هەواڵی سوتانی ماڵی مەیمونەكانی راگەیاند.

ئاماژە بەوەكراوە، کە هیچ مەیمونێک رزگاری نەبووەو هەموویان سوتاون، بەڵام بەشی گۆریلاو شامپانزییەکان لە باخچەکە سەلامەتن و ئاگر نەگەیشتۆتە ئەوان.

هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە تا ئێستا ئاشکرا نەکراوە، بەڵام ئەگەری بەهێز ئەوەیە کە بەهۆی یارییە ئاگرینەکانی سەری ساڵەوە بووبێت.

دوای کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە، پۆلیسی تاوان لێکۆڵینەوەی لە هۆکاری ئاگر کەوتنەوەکە دەستپێکردوەو باخچەکە بە رووی گەشتیراندا داخراوە.

باخچەی ئاژەڵانی کرێفێڵد، لە ساڵی 1975ەوە، لە سەر رووبەری 2 ھەزار مەتر چوارگۆشە دروستکراوەو مەیمون و شامپانزی و گۆریلاو، چەند جۆرێک لە باڵندە و ئاژەڵ لەخۆ دەگرێت.

ھ.م