"تێکچوونی دۆخی عێراق کاریگەری لەسەر پێشمەرگە دەبێت"

پەرلەمانتارێك: بارودۆخی عێراق گفتوگۆكانی ھەولێر و بەغدای پەكخستووە

K24 - ھەولێر

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، تێکچوونی دۆخی بەغدا و شارەکانی دیکە کاریگەری خراپی لەسەر پێشمەرگە هەبووە.

سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە بە کوردستان 24ی گوت "بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنییەوە نەتوانراوە بڕێکی زۆر کەلوپەل لە بەندەری ئوم قەسرەوە بهێندرێتە هەرێمی کوردستان".

 گوتیشی: "کەلوپەلەکان هەمەجۆرن و لە چەکەوە تێیدایە تا جل و بەرگ".

هاوکات ئەندامێکی لیژنەی بەرگری پەرلەمانی عێراقیش دەڵێ: "بەهۆی تێکچوونی دۆخەكەوە گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغداش وەستاوە، کە بەشێکی زۆری پەیوەست بوو بە پێشمەرگەوە".

ئەو دۆخەی لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق درووست بووە کاریگەری کردووەتە سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، وەزارەتی پێشمەرگەش وەک یەکێک لە سەرەکیترین پێکهاتەکانی حکوومەت نایشارێتەوە کە تێکچوونی دۆخەکە لە بەرژەوەندیی ئەواندا نەبووە.

یەکێک لەو تەوەرانەی کە هەمیشە لەنێوان هەولێر و بەغدا هەڵپەسێردراو بووە پرسی پێشمەرگە بووە. بە گوتەی ناسر ھەركی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق "ئەوەشی لە بەغدا روودەدات گفتوگۆکانی هەولێر و  بەغدای لەبارەی ماف و ئیمتیازاتەکانی پێشمەرگەش راگرتووە".

لەدوای ساڵی 2003ەوە ، لەپاڵ بودجە و ناوچە کوردستانییەکان، ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا بەشێکی لەسەر پێشمەرگە بووە، بەو پێیەی هەولێر داوای یەکسانکردنی مافەکانی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکرد و بەغداش هەمیشە وەک پێکهاتەیەک لە دەرەوەی سیستمی بەرگری دەیبینی.

ھ.م