دەربارەی: ئەنجومەنی ڕاگەیاندن

Kurd24

ئەنجومەنی ڕاگەیاندن ڕێکخستنێکە بۆ ئەوەی میدیا چاوەدێریی خۆی بکات. ئەو هۆیەی ئەم دامەزراوەیە لێیەوە سەری هەڵداوە، ئەو چەمکەیە، کە کۆمەڵگەی دیموکراسی پێویستیی بەوەیە، کە ئازاد و بەرپرسیار بێت. ئەمەش حکومەت، شارەزا و پسپۆران ناچاردەکات، خۆیان بگونجێنن و ڕێگای تازەش بۆ ڕێکخستنی میدیا بدۆزنەوە تا ئەم ئامانجە بپێکێت. لەم هەوڵ و هەڵمەتە، بێگومان دەکرێ سوود لە ئەزموونی وڵاتانی دیکە بۆ ڕێکخستنی کاری ڕۆژنامەوانی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن وەربگیرێ، بەڵام کۆپیکردنی یاسا و ڕێنماییەکان، کار و پرۆسەیەکی دروستنییە، چونکە هەر وڵاتێک، تایبەتمەندی و هەلومەرجی تایبەتی خۆی هەیە. هەر وڵاتێک، بە جۆر و شێوەی جیا گەشەی کردییە، کاری لەسەر ئازادی ڕادەربڕین و مافی مرۆڤ و چەسپاندنی دیموکڕاتییەت کردییە، بۆیە ناکرێ، یاسای چاپەمەنی یابان، فەڕەنسا یان میسر بۆ زمانی کوردی وەربگێڕیت و لە کوردستان کاریان پێبکەیت، لە هەمان کات، ناکرێ یاسای چاپەمەنی کوردستان بۆ زمانی یابانی وەربگێڕیت و لەوێندەر کاری پێبکرێ، بەڵام دەکرێ سوود لە ناوەڕۆک و بڕگە و هەندێک ماددە وەربگرین و خاڵە هاوبەشەکان دابنێین و لەگەڵ ژینگەی کوردستان بیانگونجێنین.

ماوەی چەند ساڵێکە، باس لە "ئەنجومەنی ڕاگەیاندن" یان "ئەنجومەنی چاپەمەنی" لە کوردستان دەکرێ. بۆ یەکەمجاریش ئەو باسە لە کوردستان لەلایەن سێ مامۆستای بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی سەلاحەدین: (د. مەغدید سەپان، د. ڕەحیم سورخی، د. ڕەزوان بادینی) لە ساڵی ٢٠٠٥ کرا و پاش کۆمەڵێک سێمینار و وۆرکشۆپ، وەک بە شێک لە پڕۆژەیەکی گەورە بەناوی: "پڕۆژەی یاسای ڕاگەیاندن لە هەرێـمی کوردستان" بڵاوکرایەوە. ئەم پڕۆژەیە بە فەرمانی وەزارەتی ڕۆشنبیری ژمارە (4-3-703) لە (4ی ئەیلول 2006) لێژنەیەکی بۆ پێداچوونەوە لە ئێمەی نووسەرانی پڕۆژە لەگەڵ مەسعودی یاسا، نوێنەری وەزارەتی ڕۆشنبیری و جەودەت سەعید میر سادق، نوێنەری وەزارەتی داد پێکهات و لە ماوەی نزیکەی یەک مانگ، وشە بە وشە کاری لەسەر کرا و فۆڕمێکی یاسایی پێدرا و بۆ ئەنجومەنی وەزیران گەڕاندرایەوە و لەوێندەر ڕاگیرا.

هەر لەوکات. لە وۆرکشۆپ و سیمینارەکان خراپتر لە ئێستا، کۆمەڵێک کەس دژ بەو پڕۆژە پێویستە وەستان، دژ بەو ئەنجومەنە وەستان و لەو بڕوایە دابوون، کە دەبێتە کۆتوبەندکردنی ڕاگەیاندن. ئەوان لایەنی کولتووریی، کۆمەڵایەتی و سیاسیی کوردستانیان لەبەرچاو نەگرتبوو، کە ڕاگەیاندن لە کوردستان حزبییە و حزبەکانیش قەت لە هیچ پرسێک بە تەواوی پشتگیری لە یەکتر ناکەن و ئەو فەزایە هەر دەمێنێ، ئەگەر ڕۆژنامەنووسێک بیەوێ، بە ئارەزووی خۆی ڕەخنە لە حکومەت و بەرپرسان بگرێ.

لەوکاتەوە (2005 - 2006)، زۆربەی ئەو کەسانەی ڕخنەیان لەو پڕۆژەیە دەگرت، خۆیان لە ئامانجی ئەم پڕۆژەیە نەگەیشتبوون و لە ئینتەرنێتیش بە دوای زانیاری لەسەر "ئەنجومەنی ڕاگەیاندن" نەگەڕابوون، ئەگەرچی هەندێک لە ڕەخنەگران، زمانی بیانیشیان دەزانی... دەبی ئەوەش بۆ مێژوو بنووسرێ، هەر لەو سەردەم، کۆمەڵێک کاری زۆر باش لەسەر ئەخلاقی ڕاگەیاندن کران، یەک لەوانە د. ڕەحیم سورخی گوتارێكی سی لاپەڕەی بەناوی: "ئەخلاقی پیشەیی و ئازادی ڕۆژنامەنووس" لە گۆڤاری "ڕۆژنامەنووس ژمارە 18ی 2009" بڵاوکردەوە، پڕە لە زانیاری ورد. هەبوونی ئەو بۆشاییە گەورەیە، بووە هاندەر منیش کتێبێك بەناوی: "ئێتیک و بنەماکانی ئێتیک لە ڕاگەیاندنی کوردی" بنووسم و دوای چەند ساڵێک (2015) لە سولەیمانی چاپکرا. لە هەمان کات لە ڕۆژنامەی "خەبات" زنجیرەیەک گوتار لەسەر ئێتیکی ڕاگەیاندن لەلایەن مامۆستایان و پسپۆران نووسران و بڵاوکرانەوە، کە یارمەتی زۆر باشبوون بۆ جوانکردنی ڕاگەیاندنی کوردی، بێگومان نابی هەوڵی مامۆستا و ڕۆژنامەنووسانی سولەیمانیش لە نووسین لەسەر ئێتیک پشتگوێبخەین.

دامەزراندنی ئەنجومەنی ڕاگەیاندن، کە هەندێک بە "ئەنجومەنی باڵای ڕاگەیاندن" ناوی دەبەن و لێرە وشەی "باڵا" زیادە و هیچ پێویست نییە، لە جیهان، مێژوویێکی دووری هەیە و بۆیەکەمجار لە نەرویج (1912)، لە سوید (1916) و لە فینللاند (1919) دامەزران. ئەو سێ وڵاتە ئەنجومەنی راگەیاندنیان دامەزراند، چونکە ڕاگەیاندنی ئەوانیش لەوکات، لە ڕاگەیاندنی ئێستای کوردی دەکرد و بەرەو بێسەروبەری دەچوو، مافی تاکی پێشێل دەکرد، هیچ ئۆرگانێکیش نەبوو، قەرەبووی مافخوراوان بکاتەوە، بۆیە خەمخۆرانی ئەوان "ئەنجومەنی ڕاگەیاندن"یان دامەزراند و ڕاگەیاندنی وڵاتەکانیان لە قەیرانی گەورە پاراست.  

د. رەحیم سورخی لە گوتارەکەی دەنووسێ: لە فەڕەنسا لە ساڵی 1918 یاسای: "ئەرکی رۆژنامەنووسان" پەسندکرا. لە ئەمریکا لە ساڵی 1923 لەژێر ناوی: "بنەماکانی ئەخلاقی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆژنامەکانی ئەمریکا" پەسند کرا.

لە وڵاتانی دیکەش: لە هیند 1947، تورکیا (1960)، شیلی (1963)، کۆریای باشوور (1964)، میسر (1972) ئەنجومەنی ڕاگەیاندن بۆ جوانکردن و ڕێکخستنی ڕاگەیاندن دامەزران. ئێستا زیاتر لە 70 وڵات، ئەنجومەنی ڕاگەیاندنیان هەیە.

ئەنجومەن بە تەنها و بێ پشتیوانی و یارمەتی هیچ سوودێکی نییە. هەر بۆ نموونە: لە پشت ئەنجومەنی راگەیاندنی سوید، ئەم ڕێکخراوانەی خوارەوە هەن و پشتیوانی لێدەکەن: کۆمەڵەی خاوەندارانی ڕۆژنامە، سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی سوید، گۆڤارەکانی سوید، پرێس کڵوب. هەروەها هەموو ئەو دەزگایانەی ڕاگەیاندن، کە مادەکانی ئێتیکی ڕاگەیاندنیان قبوڵە و لە ڕێکخراوەکانی میدیای سوید ئەندامن، دەتوانن هانا وەبەر ئەم ئەنجومەنە ببەن و داوای یارمەتییان لێبکەن. ئەوان زیاتر کار لەسەر ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕی ئێلیکترۆنی دەکەن. هەر دەزگایەکی ڕاگەیاندن بیەوێ لەم ڕێکخراوە "ئەنجومەن"ە ببێتە ئەندام، دەتوانی داوا بکات و لەوکات دەبی ڕێنماییەکانیشی قبوڵ بێ. لێرە ئەندامبوون، بێگومان دەبێتە خاڵێکی زۆر بەهێزی رۆژنامە یان گۆڤار، خوێنەرانیان دەزانن، ئەگەر غەدریان لێبکرێ، شوێنێک هەیە هانای وەبەرببەن. ئەوەش بۆ ڕۆژنامە و گۆڤارەکان زۆر گرنگە، بە زیندووی دەیانهێڵنەوە و خوێنەر لە دەست نادەن، چونکە لەوکاتەی ڕاگەیاندن پیشەسازیبێ، هەموو تاکێکی خوێنەری بەلاوە گرنگە و نایەوێ کەس لەدەست بدا.

دروستکردنی "ئەنجومەنی ڕاگەیاندن" لە کوردستان، لە ڕاستیدا، دانانی کۆتوبەند و سنووردانان لەسەر دەزگای ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووس نییە، بەڵکو ئەو نووسینانەی لەو دەزگایانەی راگەیاندن، کە ئەندامی ئەنجومەنن، بڵاودەکرێنەوە، لەکاتی تەشهیرکردن بە کەسێک، کەسەکە لە ڕێگای ئەو ئەنجومەنە، دەتوانی داوای مافی خۆی بکات، داواکەش بە نووسینی نامەیەک دەستپێدەکات و وەڵامیش هەر بە نامەیەک بەدەستی دەگا، کە ڕۆژنامە، یان هاووڵاتی لەسەر هەق بووە. نووسینەکان بێویستی ئەنجومەن بڵاودەکرێنەوە و هیچ کاری ئەنجومەنیش نییە، ڕێنمایی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن هەبێت، لەسەر چ بابەتێک چۆن و چ بنووسن، بەڵکو ئەوان تەنیا کار لەسەر گلەیی هاووڵاتییان دەکەن، کە لە ڕێگای نامەوە بەدەستیان دەگا.

لە ساڵی 2018 بە هەمووی 620 سکاڵا لە وڵاتی سوید بەدەست ئەنجومەنی راگەیاندن گەیشتییە.

ئەنجومەن زیاتر کار لەسەر لایەنی ئەخلاقی ڕاگەیاندن دەکا، پرێس جوان دەکا، متمانە بۆ خوێنەرانی دروست دەکا، خوێنەر باوەڕ بە ناوەڕۆکی نووسینەکان دەکا. ئەنجومەن کەس بە بەندکردن یان سزای دیکە سزا نادا، چونکە ئەو حوکمانە لە دەستەڵاتی ئەودانین. ئەنجومەن پشتگیریی لە مافی ڕۆژنامەنووسان دەکات، کە سەربەخۆ و بێلایەن بن و لە پێوەندیی لەگەڵ هەڵە تەکنیکی و پیشەییەکانیانەوە تێبینی و ئاگادارییان دەداتێ تا ئاستی پیشەیی و بەرپرسیارێتیشیان بەرانبەر وەرگرانیان بپارێزن، بە تایبەتی لە بواری گرنگیدان بە فرەیی و جۆراوجۆریی ڕا و بۆچونە جیاوازەکان.