سوپای ئەڵمانیا راهێنان لەگەڵ پێشمەرگە دەستپێدەکاتەوە

لە ناوەڕاستی عێراق دەستیان پێنەکردووەتەوە

K24 - بەرلین

دوای وەستاندنی کارەکانی سوپای ئەڵمانیا لە عێراق، بەهۆی گرژییەکانی ئەمدواییەی نێوان ئەمەریکا و ئێران لە عێراق، وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا، دەستپێکردنەوەی راهێنانەکانیان لەگەڵ پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.

ئەمە لەكاتێكدایە سوپای ئەڵمانیا، کارەکانی لە ناوەڕاستی عێراق دەستپێنەکردووەتەوە، چونکە دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی سوپای پاسدارانی ئێران، لە لایەن ئەمەریکا و پەرەسەندنی گرژییەکان، هێزەکانی ئەڵمانیا لە ناوەڕاستی عێراق، بۆ کوێت و ئوردن کشانەوە.

سەرەڕای بڕیاری پەرلەمانی عێراق، بە کشانەوەی سەرجەم هێزە بیانییەکان، هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، کە حکوومەتی عێراق دەیەوێت سوپای ئەڵمانیا لە کارەکانی لە عێراق بەردەوام بێت و بمێنێتەوە.

لەدوای دەستپێکردنی شەڕی داعش، 90 راوێژكار و سەربازی ئەڵمانی، لە هەرێمی کوردستانن و بۆ راهێنان و بەرزکردنەوەی ئاستی سەربازی پێشمەرگە، هاوکاری پێشکەش بە هەرێمی کوردستان دەکەن. ئەڵمانیا لە رێگەی فڕۆکەی تۆڕنادۆوە، هاوکاری هێزە هاوپەیمانەکانە لە چاودێریکردن و بە ئامانجگرتنی چەکدارانی داعش لە عێراق و سوریا.

ھ.م