له هه‌ولێر هێرش كرایه سه‌ر دوو پۆلیسی هاتوچۆ و به سه‌ختی بریندار كران
K24- هه‌ولێر:
دوا نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ، له‌سه‌ر رێگه‌ی مه‌خموور - مامزاوه له رۆژئاوای شاری هه‌ولێر، كه‌سێك به چه‌قو هێرشی كرده سه‌ر دوو پۆلیسی هاتوچۆ و به سه‌ختی برینداری كردن.
رووداوه‌كه له كاتێكدا بووه، كاتژمێر 1:00 دوا نیوه‌ڕۆ ئه‌مڕۆ كه‌سێكی ته‌مه‌ن 30 ساڵان ویستیوویه‌تی له بازگه‌ی ناوچه‌كه سه‌رپێچی رێنماییه‌كان بكات، به‌ڵام له‌لایه‌ن پۆلیسی هاتوچۆوه رێگری لێكراوه، ئه‌ویش به چه‌قو هێرشی سه‌ر پۆلیسی هاتوچۆی كردووه و دوو پۆلیسی به سه‌ختی بریندار كردووه.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش، دوای گواستنه‌وه‌ی ئه‌و دوو پۆلیسه بۆ نه‌خۆشخانه، تۆمه‌تباره‌كه له ناوچه‌ی پیشه‌سازی باشوور له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایشه‌وه ده‌ستگیركراوه.
دوای رووداوه‌كه‌ش، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ فرسه‌ت سۆفی، پارێزگاری هه‌ولێر بۆ له نزیكه‌وه ئاگاداربوون له دۆخی ته‌ندروستیان، سه‌ردانی هه‌ردوو پۆلیسه‌كه‌ی كرد و له دۆخی هه‌ردووكیانی پرسی.
H.B