كه‌ى په‌تاى كۆرۆنا كۆتایى دێت؟
له‌وانه‌یه ئه‌و پرسیاره رۆژانه ده‌یان جار به هزرى هه‌ر تاكێكى ئه‌م جیهانه‌دا بێت ئایا كه‌ى ئه‌و سه‌رده‌مه كۆتایى دێت و ئیتر جیهانى دواى كۆرۆنا ده‌ست پێده‌كات. كاریگه‌ریى ئه‌م په‌تایه و لێكه‌وته‌كانى له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌كانى ژیان هێنده زۆرن كه هیچى كه‌متر نیه له جه‌نگى جیهانى یه‌كه‌م و دووه‌م ئه‌مه‌ش واده‌كات كه جیهانى پێش كۆرۆنا و جیهانى دواى كۆرۆنا هێنده له‌یه‌ك جیاواز بن به دوو سه‌رده‌م باس بكرێن.
كاریگه‌ریى په‌تای كۆڤید-19 جگه له‌وه‌ى له رووى ته‌ندروستییه‌وه كاره‌ساتێكى مرۆییه و ئێستا نزیكه‌ى ملیۆن كه‌سى تووش كردووه و سى هه‌زار كه‌سیشی كوشتووه له جیهان و له‌ڕووى ئابووریه‌وه گورزێكی یه‌كجار كاریگه‌ریى له‌سه‌ر ئابوورى جیهان داناوه و هه‌روه‌ها له‌ڕووى سیاسیه‌وه هه‌روه‌ك دیاره له ئێستاوه مانه‌وه‌ى یه‌كێتى ئه‌وروپاى خستووه‌ته مه‌ترسییه‌وه و ئه‌وه‌ى له‌هه‌مووى ئاشكراتر په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان ئه‌مریكا و چینه ئه‌و جه‌نگه سارده ئابووریه‌ى كه چه‌ندان ساڵه له نێوانیان بوونى هه‌یه ئێستا له تویتهكانى نێوان تره‌مپ و جینپینگ زۆر به رونی هه‌ستی پێ ده‌كرێت.
میدیا جیهانییه‌كان هه‌موویان تێكڕا ته‌نها و ته‌نها باسى كۆڤید-19 ده‌كه‌ن و ژیان له زۆربه‌ى وڵاتان به‌ره‌و وه‌ستانى ته‌واو ده‌چێت. كاره‌ساتى مرۆیى له هه‌ندێ وڵات رووده‌دات و ته‌نانه‌ت گه‌یشتووه‌ته ڕاده‌یه‌ك كه به‌رپرسه ته‌ندروستییه‌كان ڕێگا به دكتۆره‌كان بده‌ن تواناى هه‌ڵبژاردنیان هه‌یه له‌نێوان نه‌خۆشه‌كان كامه‌یان بمێنێت و كامه‌شیان واز ی لێ بێنن با بمرێت.
شه‌قامه بازاڕیه به‌ناوبانگه‌كانى جیهان وه‌ك تایمس سكوێرى نیۆیۆرك و ڕێد سكوێرى مۆسكۆ و ئۆكسفۆردى له‌نده‌ن و شانزلیزێى پاریس كه ڕۆژانه زۆرترین جمووجۆڵى بازاڕیان تێدا بوو، ئێستا به شه‌قامى جنه‌كان (گۆست) ده‌چن كه جگه له چه‌ند باڵنده‌یه‌ك و پشیله‌یه‌ك كه به‌دواى خواردندا ده‌گه‌ڕێن، هیچى تر‌ى لێ به‌دى ناكرێت. تێكڕاى جمووجۆڵهكان له‌سه‌رده‌مى كۆرۆنا واته ئێستا سنووردار كراوون و قه‌ده‌غه‌ى هاتووچۆ، داخستنى قوتابخانه و زانكۆكان، قه‌ده‌غه‌ى هه‌موو جۆره كۆبوونه‌وه‌یه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى و تا ڕاده‌ى دیاریكردنى دوورى نێوان دوو كه‌س.
ئه‌مانه هه‌موویان بۆ ڕێگریكردن له زیاتر بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاكه و چونكه خێرایى بڵاوبوونه‌وه‌ى پێوانه‌ییه و زۆر به زه‌حمه‌ت ڕێگرى لێده‌كرێت. له كوردستان خۆشبه‌ختانه حكوومه‌ت زۆر زوو كه‌وته خۆى و پێش زۆربه‌ى وڵاتان قه‌ده‌غه‌ى هاتووچۆى ڕاگه‌یاند و ده‌وامى قوتابخانه و زانكۆ و هه‌موو ده‌زگاكانى حكوومه‌تى ڕاگرت. ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ ههماههنگیهكى زۆرى هاووڵاتیان توانرا تا ڕادده‌یه‌كى زۆر باش بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌كه سنووردار بكرێت.
زاناكانى جیهان و سه‌رۆكى وڵاتان تا ئێستا نه‌یانتوانیوه به ئاشكرا باس له پێشبینیهكانى خۆیان بكه‌ن و باس له هیچ ئاسۆیه‌كى دڵخۆشكه‌ر بكه‌ن بۆ كۆتایى ئه‌م سه‌رده‌مه و ئیتر بچینه جیهانى دواى كۆرۆنا و ئه‌مه‌ش به ڕابردوو باس بكرێت. بۆریس جۆنسۆنی سه‌رۆك وه‌زیرانی بریتانیا له تویتێكی 23/3 وتى ئێمه پێویستمان به نزیكه‌ى 12 هه‌فته هه‌یه بۆ به‌زاندنى ئه‌م ڤایرۆسه و سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر ئه‌و په‌تایه, كه‌چى چوار ڕۆژى دواى ئه‌و تویته، تووشبوونى خۆى ڕاگه‌یاند و خرایه ژێر چاودێرى پزیشكى.
بێ توانایى زاناكان و زلهێزه‌كان له دیاریكردنى كۆتایى ئه‌م په‌تایه چه‌ند هۆكارێكى هه‌یه, به‌ڵام له‌هه‌موو زیاتر نوێى ئه‌م ڤایرۆسه‌یه له فه‌رهه‌نگى پزیشكى و جیاواز ڕهفتاركردنیهتى له‌هه‌موو ڤایرۆسه‌كانى پێش خۆى به تایبه‌تیش له خێرایى بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاكه.
چیرۆكى چین ده‌توانرێت به چیرۆكێكى سه‌ركه‌وتوو له قه‌ڵه‌م بدرێت كه له كۆتا 24 كاتژمێر ته‌نها 126 تووشبووى نوێى هه‌یه, له‌م وڵاته‌دا ژیان خه‌ریكه ده‌گه‌ڕێته‌وه بارى ئاسایى و ئیتر سه‌رده‌مى دواى كۆرۆنا له‌م وڵاته ده‌ست پێده‌كات. ئێستا له زۆربه‌ى هه‌رێمه‌كانى چین قه‌ده‌غه‌ى هاتووچۆ هه‌ڵگیراوه و له هه‌رێمى هۆبێ و شارى وۆهان كه سه‌رچاوه‌ى سه‌رهه‌ڵدانی ڤایرۆسه‌كه بوون بڕیاره له چه‌ند ڕۆژى داهاتوودا له‌م شاره‌ش قه‌ده‌غه‌ى هاتووچۆ هه‌ڵبگیرێت و دواتریش گه‌شته‌كانى ده‌ره‌وه ده‌ست پێده‌كاته‌وه.
ئه‌وه‌ى ئه‌مریكا و ڕۆژئاواى تووڕه كردووه ئه‌وه‌یه زۆر ئاشكرا دیاره له به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌و په‌تایه یان ئه‌م كاره‌ساته چین زۆر پێش ئه‌مریكا و ئه‌وروپا كه‌وت. پرسیاره گه‌وره‌كه لێره‌دا ئه‌وه‌یه ئایا چین هه‌موو زانیارییه‌كانى له‌سه‌ر ئه‌م ڤایرۆسه ئاشكرا كردووه یان نا؟ وا پێده‌چێت چین نهێنى سه‌ركه‌وتنى خۆى وا به ئاسانى ئاشكرا نه‌كات و به هه‌ڵێكى زێڕ‌ینى بزانێت بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر گه‌وره‌ترین نه‌یارى سیاسی و ئابوورى خۆى كه ئه‌مریكایه!!
زانا به‌ناوبانگه‌كانى دونیا و شاره‌زایان له زانستى ڤایرۆسه‌كان له‌كاتى ئێستادا به پشت به‌ستن به‌و توێژینه‌وانه‌ى له‌ماوه‌ى ئه‌م سێ مانگه‌دا كراون ده‌ڵێن زۆر ئه‌سته‌مه بتوانین ستراتیژیه‌تێك دیارى بكه‌ین بۆ كۆتایى هێنانى ئه‌م په‌تایه و به‌تایبه‌تى له‌مه‌وداى كورتى چه‌ند مانگێكدا.
ڤاكسین 12 تا 18 مانگى پێویسته له كاتى ئاسایى ئه‌گه‌ر قۆناغه‌كانى دروستكردنى ڤاكسین هه‌رچه‌ند كورت بكه‌نه‌وه ئه‌وه شه‌ش مانگى هه‌ر پێویسته كه ئه‌مه‌ش واته بۆ سه‌ره‌تاكانى حوزه‌یران. ئێستا له مانگی 3 ڤاكسین تاقیكراوه‌ته‌وه له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك كه‌س بۆ زانینى لایه‌نه خراپه‌كانى و كاریگه‌ریى نێگه‌تیف له‌سه‌ر مرۆڤ و چاوه‌ڕوانى ئه‌نجامین.
ده‌رمانێكى دژه ڤایرۆسى كۆرۆنا به‌هه‌مان شێوه، دروستكردن و تاقیكردنه‌وه‌ى كاتێكى زۆرى پێویسته و به‌لاى كه‌م یه‌ك ساڵى ده‌وێت. ده‌مێنێته‌وه ده‌رمانه دژه ڤایرۆسه‌كانی به‌رده‌ست كه پێشتر هه‌بوون هه‌ندێكیان وا ئێستا به‌كار ده‌هێنرێن بۆ تووشبووه‌كان و تا ڕادده‌یه‌ك ئه‌نجامى باشى هه‌یه.
له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه‌ى له‌سه‌ره‌وه باسم كردن، له‌وانه‌یه له كاتى ئێستادا كارێكی ئاسان نه‌بێت بۆ پێشبینیكردن له‌سه‌ر كۆتایى هاتنى ئه‌م په‌تایه, هه‌رچه‌نده بۆچوونێك هه‌یه كه تا ڕادده‌یه‌ك پشتى به به‌ڵگه‌ى زانستى باش به‌ستووه له‌سه‌ر پله‌ى گه‌رما و راده‌ی شێ و كاریگه‌رییه‌كه‌ى له‌سه‌ر هێواشكردنه‌وه‌ى ته‌شه‌نه‌كردنی ئه‌م په‌تایه.
به‌ڵگه‌كانى ئه‌م بۆچوونه ئه‌وه‌یه كه ڤایرۆسه‌كه به‌رگێكى چه‌ورى له ده‌ورى هه‌یه كه به‌رگه‌ى گه‌رماى سه‌رووى 30 پله ناگرێت و به‌مه‌ش بڵاوبوونه‌وه‌ى زۆر هێواشتر ده‌بێت. بۆ ئه‌مه‌ش كۆمه‌ڵێك وڵاتى ئه‌فریقیایان كردووه‌ته نموونه وه‌ك سوودان، ته‌نزانیا، مۆزه‌مبیق كه ژماره‌ى تووشبووان یه‌كجار كه‌مه به به‌راوورد له‌گه‌ڵ وڵاتانى تر كه پله‌ى گه‌رمیان له‌نێوان 5-15 پله‌یه. ئه‌م بۆچوونه بۆ كوردستان ده‌توانین وه‌ك ئاسۆیه‌كى ئومێدبه‌خش سه‌یر بكه‌ین، هه‌روه‌ك پله‌ى گه‌رما له‌دواى ناوه‌ڕاستى مانگى چوار نزیك ده‌بێته‌وه له 30 پله و دوایش زیاتر به‌رز ده‌بێته‌وه كه واده‌كات بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاكه زۆر هێواشتر بێت له‌وه‌ى ئێستا و ئیتر كۆنترۆڵ كردنی ئاسان بێت.
كه‌واته له ئێستادا گرنگترین ئه‌ركى هاووڵاتیان پابه‌ندبوونه به ڕێنماییه‌كانی حكوومه‌ت و پابهندبوونێكى 100% و به‌رده‌وامبوونى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیش له هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر ڤایرۆسه‌كه و پشكنینى هه‌موو ئه‌وانه‌ى گومانیان له‌سه‌ره و به‌مه‌ش به‌هه‌موو لایه‌ك ڕێگا له كاره‌ساتێكى مرۆیى گه‌وره وه‌ك ئه‌وه‌ى له هه‌ندێ وڵاتانی ئه‌وروپادا ڕووده‌دات ده‌گیرێت. كه‌واته به پشت به‌ستن به چیرۆكى سه‌ركه‌وتووى چین و كۆریاى باشوور و یابان و چه‌ند وڵاتێكى تر ته‌نها دوو میكانیزمى گرینگمان له‌به‌رده‌ست دایه ئه‌وانیش:
1- به‌رده‌وامى هێرشه‌كانمان بۆ سه‌ر ڤایرۆسه‌كه و به پشكنینى به‌رده‌وام و جیاكردنه‌وه‌ى گومانلێكراوان.
2- پابه‌ندبوون و پابه‌ندبوونی هه‌موومان تا سه‌ركه‌وتن كه ئه‌مه‌شیان ده‌كرێت تا 15/4 و له‌وه به‌دواوه سووكتر بێت.
به‌و هیوایه‌ى هاووڵاتیان له مه‌ترسى ئه‌م په‌تایه تێبگه‌ن و ئیتر ده‌ست له‌ناو ده‌ست له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت و پابه‌ندبوونمان به هه‌موو ڕێنماییه ته‌ندروستییه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ى چه‌ندى زووه ئێمه‌ش له سه‌رده‌مى كۆرۆنا باز بده‌ینه سه‌رده‌مى دواى كۆرۆنا و ئه‌م په‌تایه‌ش ببێته ڕابردوو ئیتر ورده ورده و ژیان بگه‌ڕێته‌وه دۆخى ئاسایى جاران.
* پ. ی. د. سه‌ڵاح تۆفیق باڵه‌كى
زانكۆی هه‌ولێری پزیشكی