تێسلای ئەمەریكی كارگەیەك لە چین دروست دەكات

كۆمپانیاكە 565 ملیۆن دۆلار قەرز لە چین وەردەگرێت

K24 - ھەولێر

تێسلای ئەمەریكی بۆ دروستكردنی كارگەیەكی ئۆتۆمبێك لە شەنگھای، بڕی زیاتر لە 565 ملیۆن دۆلار قەرز لە چین وەردەگرێت.

كۆمپانیای تێسلای ئەمەریكی تایبەت بە دروستكردنی ئۆتۆمبێلی كارەبایی، بە ئامانجی دامەزراندنی كارگەیەكی ئۆتۆمبێل لە شەنگھای چین، رێككەوتنێكی لەگەڵ چین ئەنجامداوە، بۆ ئەوەی قەرزێك بەبڕی 565 ملیۆن و 510 ھەزار دۆلار وەرگرێت و ئەو بڕە قەرزەش لەلایەن بانكی پیشەسازی و بازرگانی چینییەوە وەردەگیرێت و تەنیا بۆ خەرجییەكانی پەیوەست بە بەرھەمھێنان لە كارگەكە بەكاردێت.

ئەوە یەكەمجارە كۆمپانیای تێسلای ئەمەریكی كارگە لە دەرەوەی ئەمەریكا دابمەزرێنێت و ئامانجی سەرەكی لێی، زیادكردنی فرۆشییەكانە لە گەورەترین بازاڕی ئۆتۆمبێل لە جیھاندا و ھەروەھا خۆدزینەوە لە بەرزبوونەوەی پێناسی ھاوردەی سەر ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە دروستكراوی ئەمەریكایە.