وەزارەتی کشتوکاڵ باج لەسەر بەرهەمی هاوردە زیاد دەكات
K24 - ھەولێر
بە مەبەستی پاراستنی بەرھەمی ناوخۆ و ساغكردنەوەی لە بازاڕە ناوخۆییەكان، وەزارەتی كشتوكاڵ باج دەخاتە سەر بەرھەمە ھاوردە كراوەكان.
حوسێن حەمەكەریم، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە ھەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 رایگەیاند: "ساڵانە لەكاتی پێگەیشتنی بەرھەمە ناوخۆییەكان باج دەخەینە سەر بەرھەمە كشتوكاڵییەكان، ئەمەش لەپێناو پاراستنی بەرھەمە ناوخۆییەكانە. بۆ ئەمساڵ باجمان لەسەر 12 مادەی ھاوردەكراو زیاد كردووە".
گوتیشی: "بەشێك لە بەرھەمەكانیش بە یەكجاری ھاوردەكردنیان قەدەغە كراوە، كە زۆربەی سەوزەكان و گوارگ دەگرێتەوە".
وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ ئاماژەی بەوەدا: "زۆربەی بەرھەمە ناوخۆییەكان بەشی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان دەكات و ھەندێكیان بۆ شارەكانی دیكەی عێراقیش دەكرێت، بەڵام بەھۆی نەبوونی گەنجینەی ساردكەرەوە، ناتوانرێت بەرھەمەكان ھەڵبگیرێن و لە وەرزەكانی دیكە سوودیان لێوەربگیرێت".