چیرۆکی ئەو دوو برایەی بەهۆی کۆرۆنا لە بەغدا گیانیان لەدەستدا

باوکیشیان دوای زانینی هەواڵی مردنی کوڕەکانی، کۆچی دوایی کرد
kurdistan24.net

K24 - بەغدا

دوو برا دوای ئەوەی لە بەغداوە چووبوونە پرسەیەک لە نەجەف، تووشی کۆرۆنا بوون و لە ماوەی 10 رۆژدا گیانیان لەدەستدا، باوکیشیان کە سەرۆک هۆزی فەتلاوییە دوای ئەوەی بە مردنی کوڕەکانی دەزانێت، ئەویش گیان لەدەست دەدات.

دوو براکە، 10 رۆژ بەر لەئێستا سەردانی نەجەفیان کردووە بۆ بەشداریکردن لە پرسەیەک، بەڵام هەردووکیان لەوێ تووشی کۆرۆنا بوون، کە گەڕاونەتەوە بەغدا، هەستیان بە نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کردووە و هەردووکیان پلەی گەرمیی جەستەیان زۆر بەرزبووەتەوە، دوای پشکنینیش دەرکەوتووە: تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

پاش هەشت رۆژ لە کەرەنتینکردنیان لە نەخۆشخانە، هەردوو برا کە ناویان: فورات و مەعن عەبدولکازمـە گیانیان لەدەستدا، چیرۆکەکە لێرەوە کۆتایی پێنەهاتووە، چونکە دوای ئەوەی باوکیان چارەنووسی کوڕەکانی زانیوە، ئەویش گیانی لەدەستداوە.

ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە بەغدا رۆژ لەدوای رۆژ زیاد دەکات، وەزیری تەندروستیی عێراقیش پێشبینی دەکات، رۆژانە هەزار کەس لە عێراق تووشی کۆرۆنا ببن، چونکە سەرەڕای راگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ، تێبینی دەکرێت ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان پابەندی رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا نین.

ماڵی ئەو بنەماڵەیە لە گەڕەکی عاملینە لە بەغدا، کە بەهۆی تووشبوون و گیانلەدەستدانی ئەو دوو گەنجە بە کۆرۆنا، ئێستا بەتەواوی کەرەنتین کراوە. لەگەڵ ئەوەشدا هێزە ئەمنییەکان بەزۆر خەڵکیان لە ماڵەکانیان هێشتووەتەوە و بەردەوام بەو گەڕەکەدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی رێکارەکانی قەدەغەی هاتووچۆی لێ جێبەجێ بکرێت.

کوڕەزایەکی عەبدولکازم لەبەردەم دەرگای ماڵەکەیانەوە قسە بۆ کوردستان 24 دەکات و، چیرۆکی گیانلەدەستدانی مامەکانی و باپیری دەگێڕێتەوە و دەڵێ "مامەکانم دوای ئەوەی گەڕانەوە، سەرەتا هیچ نیشانەیەکیان پێوە دیار نەبوو، بەڵام دواتر تووشی تا بوون و پزیشک هات پشکنینی بۆ کردن و بردیاننە نەخۆشخانەی کۆرۆنا، بەڵام بەرگریی لەشیان کەم بوو و، هەردووکیان گیانیان لەدەستدا".

عەبدولکازم، سەرۆکی هۆزێکی فەتلاوییەکانە، سەرەڕای ناسراوییان و بوونی گوشارێکی زۆر لەسەر بنەماڵەکە بۆ ئەوەی پرسە بۆ مردووەکانیان دابنێن، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگریان لێکراوە پرسە دابنێن، کوڕەزاکەی دەڵێ "ئێمەش هێشتا پشکنینی کۆرۆنامان بۆ نەکراوە و لە راستیدا دەشترسین... ئێمە باوەڕمان بە کۆرۆنا نەبوو، دەمانگوت درۆیە، بەڵام بینیمان کۆرۆنا هەیە و سێ کەس لە خانەوادەکەمان بەهۆیەوە مردن".

 

هـ.ر.