شاسوار بە دژایەتیکردنی پڕۆژەی چاکسازیی دەیەوێ خۆی لە قەرزەکانی بدزێتەوە

رێبوار بابکەیی:
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

رێبوار بابکەیی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی ئەو ھەڵمەتەی لە سۆشیال میدیا دژی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رێكخراوە رایدەگەیەنێت، ئەوانە دژی یاسایی چاكسازین كە چەندین ساڵە بە نایاسایی مووچە وەردەگرن و خانەنشین كراون. ئاماژەش بەوەدەكات، شاسوار عەبدولواحید دەزانێت حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە وەرگرتنەوەی قەرزەكان جدییە دەیەوێت خۆی بدزێتەوە و خەڵك دژی حكومەت ھانبدات.

رێبوار بابکەیی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە میانی بەشداریكردنی لە گەشتێكی ھەواڵەكانی كوردستان24 رایگەیاند: "یاسای چاكسازیی یاساییەكی ستراتیجی فرەڕەھەندی گرنگە، چەندین میكانیزمی تێدایە بۆ چارەسەركردنی ئەو كەموكورتی و گەندەڵیانەی كە ھەبووە لە بواری مووچە و میلاكات و خانەنشینی لە ھەرێمی كوردستان، یەكەمجاریشە پەرلەمانی كوردستان یاسایەك بۆ چارەسەركردنی پرسی گەندەڵی و كەموكورتییەكان دەردەكات".

گوتیشی: "یاسای چاكسازیی ئێستا لەبەردەستی حكومەتی ھەرێمی كوردستانە و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بە ئیرادەیەكی پۆڵاین و بەو پەڕی ورە بەرزیی و ھەستكردن بە پاڵپشتی مەعنەوەی لەلایەن رای گشتیی و شەقامەوە ھەڵدەدات ئەو یاسایە وەكخۆی بچێتە واری جێبەجێكردنەوە، ھەنگاوەكانی ئەم یاسایە ھەندێك ئاستەنگ و تەنگ و چەڵەمەی سیاسی رووبەڕووی حكومەتی ھەرێم بوونەتەوە، بۆ ئەوەی ھەوڵدەن وەك شەپۆلێك پڕوپاگەندە دژی یاساكە دەكەن، بۆ ئەوەی یاساكە نەچێتە واری جێبەجێ كردنەوە، بێگومان ھەوڵەكانیش ھەندێكی سیاسی و حزبی و تەنانەت كەسین، ھەندێك لەو ھەوڵانە پەیوەندی بە بەرژەوەندی ھەندێك كادیری حزبییەوە ھەیە، ھەندێكی دیكەش پەیوەستە بە تێڕوانینی چەند كەسێك، كە لە گرووپێكی دەستڕۆیشتووی حزبێكدان".

رێبوار بابكەیی، ئاماژەی بەوەشدا: "ھەموو ھەوڵەكان بۆ ئەوەن حكومەتی ھەرێمی كوردستان وا وێنا بكەن كە سەركەوتوونابێت، لەبەر ناتوانێت یاسای چاكسازیی جێبەجێ بكات، بۆ ئەوەیانە كە ئەم یاساییە جێبەجێ نەكرێت دواتر بیخەنە ئەستۆی سەرۆكی حكومەت و كابینەكەی".

راشیگەیاند: "خەڵكێك ھەیە پێشتر سەرمایەدار بووە ئێستا حزبی دروستكردووە و قەرزداری حكومەتە، وەك شاسوار عەبدولواحید جاران بە دەنگی بەرز ھاواری دەكرد ئەگەر حكومەت جدییە بابێت من بداتە دادگا و قەرزەكانم لێوەرگرێتەوە، ئێستا كە حكومەت داوای قەرزەكانی دەكاتەوە، دەیەوێت خۆی لە قەرزەكان بدزێتەوە و دروشم دژی حكومەت بەرز دەكاتەوە و خەڵك دژی یاسای چاكسازیی ھان دەدات، ئەمە لەكاتێكدا لەم رۆژانە خەڵك دروشمیان لە دژ بەرزكردەوە بە (شادز) ناویان برد، كە مەبەستیان لە پشكەكانی چاڤیلاند بوو كە پارەی خەڵكی خواردووە، كەسێك كە نەتوانێت ریفۆرم لە خۆیدا بكات، ناتوانی باسی ریفۆرم لە بابەتی گشتی بكات".

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەروو: "ئەو زھنیەتەی ھەوڵدەدات جارێكی دیكە ھەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی سیاسی و فیدراڵی مامەڵەی لەگەڵ نەكرێت لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، ھەمان ئەو زھنیەت و عەقڵیەتەیە كە لە 16ی ئۆكتۆبەرەوە تائێستا درێژەی كێشاوە، بەڵام ئێستا بەناوی داگیركردن نا لەلایەن حەشدی شەعبییەوە، بەڵكو بەناوی نەدانی مووچە لەلایەن حكومەت و چەند پرسێكی دیكە، ئەوەشیان مەترسییە بۆسەر ھەرێمی كوردستان و سیستمی فیدراڵیزم لە عێراق كە ھەرێمی كوردستان تاكە ھەرێمی فیدراڵی عێراقە، ئەم جۆرە خەڵكە بە ھەموو شێوەیەك دژی چاكسازین لە ھەرێمی كوردستان، چونكە دەزانن بە ئەنجامدانی چاكسازیی بچوك دەبنەوە، ناچار پەنا بۆ حكومەتی عێراق دەبەن، وەكچۆن لە ساڵی 2014 بڕینی بودجەی ھەرێمی كوردستان لەلایەن مالیكیەوە ئەندازیارەكەی كوردێكی سەر بە حزبێكی دیاریكراوی ھەرێمی كوردستان بوو، ئەم جۆرە بیركردنەوە بۆ ئەوە نییە ھەرێمی كوردستان گەشە بكات، بەڵكو بۆ ئەوەیە بچووكی بكەنەوە و دامەزراوەكان نەمێنن و بكەوێتە ژێر ركێفی بەغدا، ئەوانە ئەگەر بتوانن ئەم پرسانە لە سۆشیال میدیا بورژێنن، بەڵام ناتوانن رای گشتی بخەنە ژێر كاریگەری بیركردنەوەی خۆیان، لە دوای ھەموو ھەوڵێكی ئەوان حكومەتی ھەرێمی كوردستان سەركەوتووتر دەبێت".

لەبارەی ئەو 400 ملیار دینارەی كە حكومەتی عێراق وەك مووچەی فەرمانبەران بۆ ھەرێمی كوردستانی ناردووە و ھەندێك لایەن لە سۆشیال میدیا ھەڵمەتیان لە دژی رێكخستووە، رێبوار بابكەیی گوتی: "وەزارەتی دارایی روونكردنەوەی لەوبارە داوە كە وەزیرەكەی سەر بە بزووتنەوەی گۆڕانە و وەڵامێكی باوەڕپێكراوە بۆ ئێمە وەك فراكسیۆنی پارتی، بەڵام ئەو 400 ملیارەش وەك بابەتەكانی دیكە بە سیاسیی كراوە. روو دەكەمە لایەنگرانی یەكێتی و گۆڕان دەكەم ئەگەر باوەڕتان بە روونكردنەوەی وەزارەتی دارایی نییە دەتوانن پرسیار لە مامی بچووكتان مام قوباد تاڵەنی و وەزیری دارایی بكەن".

باسی لەوەشكرد: "چەند ساڵێكە حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە دەست ئەوانە دەناڵێنێ كە بە حیساب شەریكن لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لە حوكمڕانی، ئەوەی ئەوان لە سۆشیال میدیا دژی حكومەتی دەكەن زمانی ئۆپۆزسیۆنیش نییە، چونكە ئۆپۆزسیۆن باوەڕی بەو شتانەیە كە بە داتا دەسەلمێندرێت، دەكرێ ئەوان بپرسن كوا ئەو پارەیەی بۆ شەقامی 100 مەتری سلێمانی خەرجكرا؟ كوا داھاتی زۆری پاشماخ و مەرزەكانی سنووری دەسەڵاتی سلێمانین، ھەروەھا بۆچی ئەمیرەكانی داعش كە بكوژی چەندین رۆڵەی كوردن رادەستی ئیدارەی گەرمیان كران".

ئاشكراشی كرد: "مووچەخۆران، ئەوانەی ژیان و گوزەرانیان لەسەر مووچەیە، سودمەندی یەكەم دەبن لە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیی، ھەروەھا پرەنسیپی جێبەجێكردنی دادپەروەرییە لە ھەرێمی كوردستان، ئەوەی دەكرێت داوای رای گشتییە، ئەوانەی لێی زەرەمەندن ئەوانەن بە بڕیارێكی سیاسی و فۆڕمێكی نایاسایی مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە و خانەنشین كراون، لەكاتی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی زیانمەند دەبن".